زیادبوونی ئاستی بەرهەمهێنان لە کوردستان، قازانجی دانەگاز بەرزدەکاتەوە

کۆمپانیای دانەگاز ئاماری کار و چالاکییەکانی چارەکی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە
کێڵگەی نەوتی تەقتەق لە سنووری قەزای کۆیە - فۆتۆ: ئازاد لەشکری -ئەرشیف
کێڵگەی نەوتی تەقتەق لە سنووری قەزای کۆیە - فۆتۆ: ئازاد لەشکری -ئەرشیف

K24 - هەولێر

کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی رایگەیاند، دوای بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان، پوختەی قازانجەکانیان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بە رێژەی 41٪ بەرزبووەتەوە.

ئەو کۆمپانیایە لە راپۆرتێکیدا ئاشکرای کرد، پوختەی قازانجەکانیان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ 41٪ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 24 ملیۆن دۆلار، بەراورد بە 17 ملیۆن دۆلار لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو.

دانەگازی ئیماراتی هۆکاری ئەو بەرزبوونەوەیە بۆ ئەنجامی بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە، کە بەهۆیەوە داهاتەکانیان باش بووە، هەروەها خەرجییەکانی پارەدارکردنیان بەهۆی کەمبوونەوەی قەرزەکانی کۆمپانیاکە، لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو کەمبووەتەوە.

داهاتی کۆمپانیاکەش بە گشتی گەیشتووەتە 106 ملیۆن دۆلار و بەراورد بە چارەکی یەکەمی 2020 بە رێژەی 2٪ زیادیکردووە، کە داهاتی ساڵی رابردوو 104 ملیۆن دۆلار بووە.

لە راپۆرتەکەی دانەگازدا هاتووە، هۆکاری سەرەکی قازانج و بەرزبوونەوەی داهاتیان بۆ زیادبوونی بەرهەمهێنان بە رێژەی 9٪ لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، هەروەها تێکڕای فرۆشی هەر بەرمیلێک چڕکراوەکان 44 دۆلار و بەرمیلێک نەوتی هاوتای گازی پێترۆڵی شلکراوە 33 دۆلار بووە، بەرامبەر بە 41 و 30 دۆلار بەدوای یەک لە هەمان چارەکی ساڵی 2020.

لای خۆشیەوە پاتریک ئالمان وارد سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەگاز رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ توانیویەتی ئەدایەکی بەهێزی هەبێت، هەروەها بەردەوامن بۆ فراوانکردنی کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە 440 بۆ 690 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا بەرزبکەنەوە، ئامانجیانە بۆ مانگی نیسانی 2023 بگەن بەو ئامانجە، ئەو فراوان کردنەش راستەوخۆ کاریگەری ئەرێنی لەسەر زیادبوونی داهات و قازانج دەبێت.