له زيندانه‌كانى سووريا 60 هه‌زار كه‌س كوژراون
K24 – هه‌ولێر:
روانگه‌ى سووريا بۆ مافه‌كانى مرۆڤ بڵاويكرده‌وه، له زيندانه‌كانى رژێمى سووريادا 60 هه‌زار كه‌س گيانيان له‌ده‌ستداوه.
به گوێره‌ى زانيارى ئه‌و سه‌رچاوه‌يه، له ماوه‌ى پێنج ساڵى شه‌ڕى سووريادا 60 هه‌زار كه‌س له زيندانه‌كانى رژێمى به‌شار ئه‌سه‌د گيانيان له‌ده‌ستداوه.
به‌ڕێوبه‌رى روانگه‌ى سووريا بۆ مافه‌كانى مرۆڤ رامى عه‌بدولڕه‌حمان له‌و باره‌يه‌وه رايگه‌ياند، له ئه‌نجامى ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ى راسته‌وخۆى زيندانييه‌كان و بێبه‌شكردنيان له خواردن و خواردنه‌وه 60 هه‌زار كه‌س له زيندانه‌كانى رژێمدا بوونه‌ته قوربانى.
روونيشيكرده‌وه، روانگه‌ى سووريا له رێگه‌ى جۆراوجۆره‌وه ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه كۆشش ده‌كات بۆ كۆكردنه‌وه‌ى زانيارى سه‌باره‌ت به ژماره‌ى قوربانيان له زيندانه‌كانى رژێمدا.
هه‌روه‌ها گوتى: 20 هه‌زار كه‌س ته‌نيا له زيندانى صيدناياى سه‌ربازى له نزيك ديمه‌شق گيانيان له‌ده‌ستداوه.
له مانگى شوبات/ فيبرايه‌رى رابردووش‌دا لێكۆڵه‌رانى سه‌ر به نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان رايانگه‌ياند، ده‌سه‌ڵاتى سووريا به شێوه‌يه‌كى فراوان كه‌وتووه‌ته پاكتاوكردنى ئه‌و زيندانيانه‌ى له زيندانه‌كاندان.