پڕۆژەیەكی گەورەی گەشتیاری لەسەر چیای سەفین جێبەجێ دەكرێت

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار: هاوشێوەی پڕۆژەی تەلەفریكی چیای زاوای دهۆك دەبێت
دیمەنێکی چیای سەفین و شەقڵاوە - ئەرشیف
دیمەنێکی چیای سەفین و شەقڵاوە - ئەرشیف

K24 - هەولێر

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، پڕۆژەیەكی گەورەی گەشتیاریی هاوشێوەی پڕۆژەی تەلەفریكی چیای زاوای دهۆك، لەسەر چیای سەفینی شەقڵاوەش دەكرێتەوە و بانگهێشتی سەرجەم وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی كوردستانیش دەكات، لە هەرێمی كوردستان پرۆژەی گەشتوگوزار بكەن.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی شارەوانی. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاندووە "كەرتی گەشتوگوزار جێی بایەخی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و لەناو پێكهاتەی حكومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشدا دەستەیەكی سەربەخۆ كاروبارەكانی ئەو كەرتە بەڕێوە دەبات. ماستەرپلانێكی گشتی بۆ سەرجەم هەرێمی كوردستان هەیە، 60 تاوەكو 65 پڕۆژەی گەورە و مامناوەندمان بۆ هەموو پارێزگەكانی كوردستان هەیە".

راشیگەیاندووە "خواستی ئێمە لە پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزاردا لەوەی ئێستا هەمانە زۆر زیاترە، دەمانەوێت بایەخی زیاتر بەو سێكتەرە بدەین، لە بەرنامەماندایە پڕۆژەی گەشتوگوزاری هاوشێوەی تەلەفریكەكەی چیای زاوای دهۆك، لەسەر چیای سەفین لە شەقڵاوەش جێبەجێ بكەین".

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار داوا لە سەرمایەداران و وەبەرهێنەرانیش دەكات سەرمایەكانیان بخەنەگەڕ لە پڕۆژەی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان، لەمبارەیەوە دەڵێ "بانگهێشتی سەرمایەداران و وەبەرهێنەران دەكەین، بۆ ئەوەی سوود لە بەرزایی و چیاكانی كوردستان وەربگرن و پڕۆژەی گەشتیاری هاوشێوەی پڕۆژەی تەلەفریكی چیای زاوای دهۆك، لەو شوێنە گەشتیارییانەی تاوەكو ئێستا دەستیان پێنەگەیشتووە پڕۆژەی هاوشێوە بكەن و لە هەر شوێنێكیش وەبەرهێنەران و كەرتی تایبەت بیانەوێت سوود لەو شوێنانە وەربگرن، حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیرییان دەكات، كە بەشێوەیەكی باش سەرمایەكانیان لە هەموو بوارەكان و بە تایبەتی لە بواری گەشتوگوزاردا بخەنەگەڕ.