وەزارەتی ناوخۆ چەند بڕیارێک لەبارەی کۆمپانیا و پێشانگاکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەدات

کارەکانی کۆمپانیا و پێشانگەکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل رێکدەخرێنەوە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند بڕیارێکی بۆ رێکخستنەوەی کارەکانی کۆمپانیا و پێشانگەکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەرکردووە و بڕیارەکان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگاکان کراون، دەیانەوێ کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل رێکبخەنەوە و چارەسەرێکی گونجاو بۆ کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتاکان بدۆزنەوە.

لەوبارەوە بەختیار محەمەد، بەڕێوبەری راگەیاندنی ھاتووچۆی سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان هیچ بنەما و ئەولیاتێکیان لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان نییە، لە راستیدا ئەمە زۆر مەترسیدارە و دەتوانرێت هەموو تاوانکاریەک بە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان بکرێت".

روونیکردەوە: "ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان یان بێ تابلۆن یان تابلۆی ساختەیان بۆ دروستکراوە، کاتی ئەوە هاتووە چارەسەرێکی ریشەیی بۆ ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بدۆزرێتەوە".

ھەر لەچوارچێوەی رێکارە نوێکانی وەزارەتی ناوخۆ، بڕیارە لیژنەیەکی ھاوبەش لەنێوان بەرێوبەرایەتییەکانی ھاتووچۆ و شارەوانییەکان پێکبھێنرێت، بۆ ئەوەی  رێگری بکرێت لە دانان و نمایشکردنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقام و شۆستەکان، بە بوونی ھەر حاڵەتێکی سەرپێچی رێکاری  یاسایی  بەرامبەریان بگیرێتەبەر".

بەگوێرەی رێکارە نوێیەکانی وەزارەتی ناوخۆ، کار بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی کۆمپانیاکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و رێکخستنی فرۆشتنی  ئۆتۆمبێل بەشێوازێکی ستاندارد و ئەلیکترۆنی دەکرێت، بەمەش مامەڵە نایاساییەکان و سەرپێچییەکان لە کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل کەمدەکرێتەوەو هەوڵێکی گرنگ دەبێت بۆ بنبڕکردنی.