بە بڕی زیاتر لە سێ ملیار دینار چەند پرۆژەیەك لە شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێن

به‌شێك له‌ پرۆژه‌كان لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبه‌جێ ده‌كرێن
دیمه‌نی پاركی باخی شار له‌ هه‌ولێر
دیمه‌نی پاركی باخی شار له‌ هه‌ولێر

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی  شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار رایده‌گه‌یه‌نێت، بە بڕی زیاتر لە سێ ملیار دینار پرۆژەی هەمەجۆری خزمەتگوزاری لە شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێن.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌ته‌كه‌،‌ لە قۆناغی یەكەمدا بە گوژمەی نزیكەی دوو ملیار دینار چەندین پرۆژەی هەمەجۆری نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی شەقام و ئاوەڕۆ لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و لە قۆناغی دووەمیشدا بە بڕی یەك ملیاری دینار پرۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەكرێن.

بە گوێرەی زانیارییەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر لە بەردەوامی جێبەجێكردنی پرۆژەی هەمەجۆری خزمەتگوزاری، ژمارەیەك پرۆژە بە گوژمەی نزیكەی دوو ملیار دینار لەسەر داهاتی 15%ی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر لە گەڕەكەكانی: فەرمانبەران، ڕۆشنبیری، ژیان، هەولێری نوێ، سێبەردان و چەند گەڕەكێكی دیكە لە بواری چاككردن و نۆژەنكردنەوەی شەقام، دروستكردنی شەقامی نوێ، قیڕتاوكردن، سێكتەری ئاوەڕۆ و كربستۆن و چەند جۆرێكەی دیكەی پرۆژە جێبەجێ دەكرێن.

بەشێك لەو پڕۆژانەی قۆناغی یەكەم نێردراون بۆ تەندەرینگ و هەندێكی دیكەشیان لە ماوەی 15 بۆ 20 رۆژی دیكەدا کەمکردنەوەیان بۆ دەکرێت و دواتر دەكەونە قۆناغی جێبەجێكردن. 

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، وێڕای ئەم پرۆژانە لە ئاییندەیەكی نزیكدا بە بڕی نزیكەی یەك ملیار دیناری دیكه‌ چەندین پرۆژەی هەمەجۆری دیكە لەسەر داهاتی شارەوانیی هەولێر لە چەند گەڕەکێکی ناو شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێن.