ئەردۆغان: جەژنێکی تاڵ بەڕێدەکەین

"لە پشت هەر رووداوێکەوە لە ناوچەکەماندا روودەدات نیازی دوورخستنەوە و بێبەشکردنی تورکیا هەیە"
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا

K24 – هەولێر

سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند "بەهۆی پەتای کۆرۆنا جەژنێکی تاڵ بەڕێدەکەین، بەڵام هەوڵدەدەین دوای جەژن بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو هەنگاو دەگرینەبەر بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە"ئاماژەی بەوەشکرد "لە پشت هەر رووداوێکەوە لە ناوچەکەماندا روودەدات نیازی دوورخستنەوە و بێبەشکردنی تورکیا هەیە، گۆڕەپان بۆ ئەوانە چۆڵ ناکەین".

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی رەمەزان گوتی: "ئەردۆغان لە پەیامەکەیدا رایگەیاند ''هەرچەندە بەهۆی ئەو کێشانەی پەتاکە هێناویەتە ئاراوە جەژنێکی تاڵ بەڕێدەکەین، بەڵام پشتیوان بەخوا رۆژانێکی خۆش چاوەڕوانمان دەکات. بە شێوەیەک کە پەتاکە کۆنترۆڵ بێت، لە دوای جەژن بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو هەنگاو دەگرینەبەر بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە. پێداگرانە بەردەوام دەبین لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسیە کە کاریگەری کردووەتە سەر جیهان، بەتایبەتی دەوروبەری نزیکمان. لە پاڵ بەهێزکردنی سیستمی تەندروستیمان هەموو جۆرە شێوازێکی پێویست بەکاردەهێنین دژ بە هەڕەشەکانی پەتاکە، بەتایبەتی ڤاکسین".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەدا: "ئەو راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە لە پشت هەر رووداوێکەوە لە ناوچەکەماندا روودەدات نیازی دوورخستنەوە و بێ بەشکردنی تورکیا هەیە لە دەستکەوتەکان. ئەوانەی رق و قینیان دژ بە وڵاتەکەمان هەڵدەڕژن، گۆڕەپان بۆ ئەوانە چۆڵ ناکەین کە تەنانەت پەتاکەش بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەهێنن''.