عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ ناوچه كوردستانییه‌كان ئاشكرا ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
لیوا عه‌بدولخالق ته‌لعه‌ت، نوێنه‌ری وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی عێراق، له‌باره‌ی داواكاریه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ هه‌ماهه‌نگیكردنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌پێناو پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی ئه‌منی له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم رایگه‌یاند، پێشتر ئه‌و بابه‌ته له‌نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی عێراق باسكراوه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین كۆبوونه‌وه ئه‌نجام دراوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه جێبه‌جێ نه‌كرا، تا ئه‌و كاته‌ی حكومه‌تی فیدراڵ و هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق گه‌یشتنه ئه‌و راستیه‌ی كه به‌بێ هێزی پێشمه‌رگه ناتوانن له‌و ناوچانه پارێزگاری له‌خۆیان بكه‌ن، چونكه له چه‌ند مانگی رابردوودا له چه‌ند شوێنێك گورزی گه‌وره له‌لایه‌ن داعشه‌وه به‌ر هێزه عێراقییه‌كان كه‌وت.
ئه‌م گوتانه‌ی عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت له كاتی میوانداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـدا هاتوون و گوتی: دوای چوونی شاندێك بۆ به‌غدا و له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی كۆبوونه‌وه، چه‌ند بڕیارێك ده‌ركران، باشترین ده‌ستپێكیش بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كان ئه‌وه بوو كه شاندێكی ئه‌منیی سه‌ربازی سه‌ردانی به‌ڕێز سه‌رۆك بارزانی‌یان كرد و بڕیاری ئه‌وه درا، كه دوای جه‌ژن هه‌موو ئه‌و بڕیارانه جێبه‌جێ بكرێن، كه له‌وباره‌یه‌وه دراون.
سه‌باره‌ت به پرسیاری ئاخۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌گه‌ڕێنه‌وه ئه‌و ناوچانه یانیش ته‌نها كرده‌ی سه‌ربانی له‌گه‌ڵ هێزه عێراقییه‌كان له‌و ناوچانه ئه‌نجام ده‌ده‌ن؟ عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت گوتی: چه‌ند بڕیارێك له‌وباره‌یه‌وه دراون، دوای ئه‌وه‌ی گه‌یشتنه ئه‌و متمانه‌یه‌ی كه سه‌رۆك بارزانی بڕیاری ئه‌وه‌ی داوه كه ده‌بێت لیژنه هاوبه‌شه‌كان ده‌ستبه‌كار ببنه‌وه و بڕیاردرا هه‌رچوار لیژنه‌كه له سه‌نته‌ره‌كانی خانه‌قین، كه‌ركووك، مه‌خموور و گوێڕ و سحێلان جێگیر بكرێن و هه‌نگاوی دواتریش دانانی دوو لیوای هاوبه‌شه له نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به هاوبه‌شی فراوانترین رووبه‌ری ئه‌و ناوچانه پڕ بكه‌نه‌وه، كه بۆشایی ئه‌منییان تێدایه.
جه‌ختیشی كرده‌وه، له زۆربه‌ی كۆبوونه‌وه‌كاندا باس له‌وه ده‌كرێت، كه ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و بڕیاره‌كانی سه‌ركردایه‌تی كورد نه‌بوایه، هێزه عێراقییه‌كان به‌ته‌نیا نه‌یانده‌توانی هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی پێشتر داعش داگیری كردبوون، ر‌زگار بكرێن، له‌وانه‌ش: شاری مووسڵ و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی مه‌خموور و گوێڕ، هه‌ربۆیه‌ش ئێستا ئه‌وان به سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیشه‌وه گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه ئه‌گه‌ر به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ئه‌و ناوچانه نه‌پارێزرێن و پێشمه‌رگه نه‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌و شوێنانه‌ی كه به‌ر له هاتنی داعش لێی بوون، ناتوانن به‌ته‌نها كۆنترۆڵی ئه‌و شوێنانه بكه‌ن، بۆیه كاتێكیش شانه‌كه‌ی عێراق گه‌ڕایه‌وه بۆ به‌غدا، له‌و بڕیارانه‌ی سه‌رۆك بارزانی رازی بوون.
هه‌روه‌ها گوتی: پێكهێنانی ئه‌و دوو لیوا هاوبه‌شه له نێوان پێشمه‌رگه و سوپای عێراق قۆناغی یه‌كه‌می ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌یه و بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش ئه‌مه بڕیارێكی گرنگه.
له وه‌ڵامی پرسیاری ئاخۆ ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبیش ده‌كرێت، یانیش حه‌شد ده‌بێته رێگر له‌به‌رده‌م ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه؟ نوێنه‌ری وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی عێراق گوتی: دوای ئه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبیش چه‌ندین جار بووه‌ته ئامانجی هێرشه‌كانی داعش و تا ئێستا چه‌ندین كوژراو و برینداریان هه‌بووه، ئه‌وانیش گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه به‌بێ پیشمه‌رگه رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش مه‌حاڵه و ناتوانن به ته‌نها كۆنترۆڵی ئه‌و شوێنانه بكه‌ن، بۆیه ئه‌وانیش نه‌رمییان بۆ ئه‌و بابه‌ته نواندووه، تاوه‌كو ئه‌و هێزانه بگه‌ڕێنه‌وه ئه‌و ناوچانه و بتوانن داعش به ته‌واوی له‌و ناوچانه بنبڕ بكه‌ن و تا ئێستا هیچ ئاماژه‌یه‌كی وا له ئارادا نییه، كه حه‌شدی شه‌عبی نیازی ئه‌وه‌ی هه‌بێت رێگری له‌و هه‌ماهه‌نگییه بكات، كه له‌نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه عێراقییه‌كاندا دێته ئاراوه.
دووپاتیشیكرده‌وه، گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بۆ ئه‌و ناوچانه، مانای پارێزگاریكردنی هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراقه له هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش، بۆیه ئه‌گه‌ر پێشیان ناخۆش بێت، به‌ڵام ناچارن كه له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به هاوبه‌شی كۆنترۆڵی ئه‌و شوێنانه بكه‌ن.
له وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ی ئایا بۆچی داعش له‌و ناوچانه به‌هێز بووه‌ته‌وه و نه به سوپای عێراق و نه‌به حه‌شدی شه‌عبیش كۆنترۆڵ ناكرێن؟ عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت ئاشكرایكرد، هۆكاری سه‌ره‌كی گه‌ڕانه‌وه و به‌هێزبوونه‌وه‌ی داعش له‌و ناوچانه، بۆ به‌ش به‌ش بوونی هێزه‌كانی عێراق و نه‌بوونی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوانیان له‌و ناوچانه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه نه‌بوونی ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه بووه‌ته ده‌رفه‌تێكی گه‌وره بۆ درووستبوونی بۆشایی ئه‌منی، ئه‌مه‌ش بووه‌ته زه‌مینه‌سازییه‌كی باش بۆ گه‌ڕانه‌وه و چالاكبوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش له‌و ناوچانه.
H.B