بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس داوای جووڵه‌ی ده‌ستبه‌جێ له دژی ئیسرائیل له ئێران ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
ئیسماعیل هه‌نییه، سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی عه‌لی خامنه‌یی، رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران كرد و تێیدا داوای جووڵه‌ی ده‌ستبه‌جێی ئیسلامی و جیهانی بۆ وه‌ستاندنی "تاوانه‌كانی" ئیسرائیل كرد.
به‌گوێره‌ی ئاژانسه ئێرانییه‌كان، له نامه‌كه‌یدا هه‌نییه دووپاتیكرده‌وه، "ده‌ستدرێژی و تاوانه‌كانی ئیسرائیل له دژی گه‌لی فه‌له‌ستین و پیرۆزییه‌كانی زیادیان كردووه" و گوتی: "په‌یوه‌ندی فراوانمان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان كردووه و داوامان لێكردووه كار بۆ وه‌ستاندنی "تاوانه" به‌رده‌وامه‌كانی دوژمن و ئاماجه گلاوه‌كانی بكه‌ن و هۆشداریمان داوه، كه ئه‌و تاوانانه له‌لایه‌ن گه‌ل و به‌ره‌ی به‌رگری فه‌له‌ستینه‌وه بێ وه‌ڵام نابن".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "سووربوونی سه‌ركرده‌كانی "قه‌واره‌ی زایۆنییه تاوانباره‌كان" له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به ده‌ستدرێژییه‌كانیان له دژی گه‌لی فه‌له‌ستین و خاكه پیرۆزه‌كه‌ی، پێویستی به وه‌ڵامێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه و شه‌رعی هه‌یه له‌لایه‌ن به‌ره‌ی به‌رگری له غه‌ززه‌وه"، روونیشیكرده‌وه، "دوژمنی "تاوانكار" گه‌وره‌ترین تاوانی دڕندانه له دژی گه‌لی غه‌ززه به كوشنده‌ترین چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو له‌سه‌ر ئاستی جیهان ئه‌نجام ده‌دات و گه‌وره‌ترین تاوان له دژی خۆپیشانده‌ران له قودس و كه‌رتی رۆژئاوا جێبه‌جێ ده‌كات".
هه‌نییه له نامه‌كه‌یدا بۆ خامنه‌یی داوای كرد، "ده‌ست به جووڵه‌ی راسته‌وخۆ بكرێت و هه‌ڵوێستی ئیسلامی و عه‌ره‌بی و نێوده‌وڵه‌تی یه‌كبخرێت، به ئامانجی وه‌رگرتنی هه‌ڵویستێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه و ناچاركردنی "قه‌واره‌ی زایۆنی" بۆ وه‌ستاندنی "تاوانه‌كانی" له دژی دانیشتوانی قودس و پیرۆزییه‌كانیان و كۆتاییهێنان به هه‌موو ئه‌و سه‌رپێچیانه‌ی ده‌كرێنه سه‌ر مزگه‌وتی ئه‌قسا و نوێژخوێنانی فه‌له‌ستین له‌و مزگه‌وته".
له 8ی ئه‌م مانگه‌وه گرژییه‌كانی نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستین نوێ بوونه‌ته‌وه و به‌و هۆیه‌شه‌وه شه‌ڕ و پێكدادان له ناوچه‌ی قودس و گه‌ڕه‌كی شێخ جه‌ڕامی ئه‌و شاره سه‌ریان هه‌ڵداوه، به‌گوته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ته‌ندروستی فه‌له‌ستین، تا ئێستا 213 هاووڵاتیی فه‌له‌ستینی له غه‌ززه كوژراون، له‌ناویان 61 منداڵ هه‌ن و زیاتر له هه‌زار و 400 كه‌سیش بریندار بوونه، هه‌روه‌ك به لایه‌نی كه‌م 25 كه‌سیش له كه‌رتی رۆژئاوا كوژراون و زانیارییه‌كان ئاماژه به كوژرانی 11 ئیسرائیلی و برینداربوونی ده‌یانی دیكه‌ش ده‌كه‌ن.
سه‌رچاوه: فارس
H.B