بێگەرد تاڵەبانی: پێمان باشە یەكێتی و گۆڕان بە ھاوبەشی لەگەڵ پارتی كۆببنەوە
K24 - ھەولێر
بڕیارە سبەی یەکێتی نیشتمانی كوردستان، گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دەست پێبکات و یەکەم کۆبوونەوەشی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت، چاوەڕێ دەکرێ جگە لە کوۆبوونەوە لەگەڵ پارتی، لەگەڵ لایەنەکانی دیکە یەکێتی و گۆڕان بە ھاوبەشی کۆبوونەوە بكهن، ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حزبەش دەڵێ پێمان باشە یەكێتی و گۆڕان بە ھاوبەشی لەگەڵ پارتی كۆببینەوە.
لەوبارەوە بێگەرد تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە لێدانێكدا بۆ (كوردستان24) رایگەیاند: "پێمان باشە یەكێتی و گۆڕان ھەردوولا بەیەكەوە لەگەڵ برادەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان دانیشین، بەڵام بزانین زەمینەكە چۆن دەبێت ھەردوولاشمان قەناعەتمان وایە، چونكە رێككەوتنامەكەمان لە پێناوی ھێنانە ئارای زەمینەیەكی تازەیە بۆ لەیەكگەیشتن و دانووستان".
گوتیشی: "بۆ كارا كردنەوەی پەرلەمان نابێ ھیچ لایەنێكی سیاسی مەرجی ھەبێت، بەڵكو بگەین بە خاڵێكی ھاوبەش".
شوان رابەر، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "گۆڕان و یەكێتی كە كۆمیتەیەكی ھاوبەشیان ھەیە، بە یەكەوە سەردانی لایەنەكان بكەن باشترە، بۆ ئەوەی ھەم پرسیارەكە و ھەمیش مشتومڕەكە یەك بێت و لە یەك دانەبڕێت".