پۆچیتینیۆ بیر له گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ تۆتێنهام ده‌كاته‌وه
ماوریزیۆ پۆچیتینیۆی راهێنه‌ری پاریس سانجێرمان یه‌كێكه له به‌ربژێره‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ راهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی تۆتێنهام و له لایه‌ن سه‌رۆكی یانه له‌نده‌نییه‌كه په‌یوه‌ندی پێوه‌كراوه.
ماوریزیۆ پۆچیتینیۆ دوای پێنچ ساڵ راهێنه‌رایه‌تی تۆتێنهام له مانگی نۆڤێمبه‌ری 2019 ده‌ستی له راهێنه‌رایه‌تی ئه‌و یانه‌یه كێشایه‌وه و له زستانی ئه‌مساڵیش ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی پاریس سانجێرمانی وه‌رگرت.
رۆژنامه‌ی سه‌نی به‌ریتانیا له راپۆرته هه‌واڵێكدا ئاشكرای كردووه كه دانیال لیڤی سه‌رۆكی یانه‌ی تۆتێنهام پێیوایه هه‌ڵه‌ی كردووه له ده‌ستبه‌رداربوون له پۆچیتینیۆ، له ئێستادا ده‌یه‌وێت دووباره بیگه‌ڕێنێته‌وه بۆ پۆستی راهێنه‌رایه‌تی یانه‌كه.
سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه كه سه‌رۆكی یانه‌ی تۆتێنهام ئێستا له‌ژێر فشار و هه‌ڕه‌شه‌ی هانده‌رانی یانه‌كه‌ی دایه، هانده‌رانی ئه‌و یانه‌یه پێیانوایه دانی لیڤی له تۆپێ شاره‌زا نییه و زۆربه‌ی بڕیاره‌كانی هه‌ڵه و نادروسته.
سه‌رۆكی یانه‌ی تۆتێنهام ده‌یه‌وێت دۆخی خراپی ئێستای پۆچیتینیۆ له‌گه‌ڵ پاریس بقۆزێته‌وه كه له بردنه‌وه‌ی خولی فه‌ره‌نسا و چامپیۆنزلیگ شكستی هێناوه.
دانی لیڤی سه‌رۆكی تۆتێنهام تا ئه‌م كاتانه له رازیكردنی هاری كه‌ین بۆ مانه‌وه له یانه‌كه سه‌ركه‌وتوو نه‌یووه و ئه‌و یاریزانه ده‌یه‌وێت گرێبه‌سته‌كه‌ی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه و په‌یوه‌ندی به مان سیتی بكات.
سه‌رچاوه‌كه نووسیویه‌تی: سه‌رۆكی یانه‌ی تۆتێنهام ده‌یه‌وێت پۆچیتینیۆ بگه‌ڕێنێته‌وه و بیكاته هۆكارێك بۆ رازیكردن و مانه‌وه‌ی هاری كه‌ین له یانه‌كه، به‌ڵام زه‌حمه‌ته ئه‌م سیناریۆیه سه‌ربگرێت، چونكه مان سیتی له‌سه‌ر خواستی پێپ گواردیۆلا ئاماده‌یه 150 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنه‌وه‌ی هاری كه‌ین بدات و بیكاته شوێنگره‌وه‌ی سێرجیۆ ئه‌گوێرۆ كه له‌م هاوینه یانه‌كه‌ی جێهێشتووه.