11 ملیار دینار بەسەر جوتیارانی هەولێر دابەش دەکرێت

دابەشکردنی پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی 2020 کۆتایی پێدێت
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

چەکی زیاتر لە 11 ملیار دینار وەک شایستەی دارایی جوتیاران لە بەغدا گەیشتووەتە هەولێر، لە چەند رۆژی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

سەعید عومەر، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی 2020 کە زیاتر لە 11 ملیار دینارە لەلایەن حکومەتی عێراق مابوو، چەکی پارەکە گەیشتووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، هەوڵدەدەین پێش ئەوەی دەست بە وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ بکرێت پارەکە دابەش بکەین".

گوتیشی: "بە دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیە، کۆتایی بە دابەشکردنی شایستە داراییەکانی جوتیاران بۆ ساڵی 2020 دێت".

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، روونیکردەوە: "شایستە داراییەکانی جوتیاران بۆ ساڵانی 2014 و 2015 دابەشکراوە، کە پێشتر لەلایەن حکومەتی عێراق راگیرابوو، هەروەها ئەوەی ساڵی 2016 لە 50٪ دابەشکراوە".

سەبارەت بە رێژەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ لەلایەن حکومەتی عێراق گوتی: "تائێستا لەلایەن حکومەتی عێراق رێژەکە بۆ ئەمساڵ دیار نەکراوە، بەڵام پێشبینی دەکەین رێژەکە وەک ساڵی رابردوو بێت".