بەرهەمهێنان لە وێستگەی 165 مێگاواتی گەرمیان گەیشتە 85 میگاوات

بۆ مانگی حوزەیران دەگاتە 165 مێگاوات
وێستگەی 165 مێگاواتی گەرمیان
وێستگەی 165 مێگاواتی گەرمیان

K24 – هەولێر

وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، بەرهەمهێنان لە وێستگەی 165 مێگاواتی گەرمیان گەیشتە 85 میگاوات، بڕیاریشە بۆ مانگی حوزەیران بگاتە 165 مێگاوات.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد: "دوای ئەوەی لە 12/5/2021 بۆ یە کەم جار و لەلایەن کۆمپانیای ئەگریکۆوە لە وێستگەی بەرهەمهێنانی گەرمیان دەستکرا بە بەرهەمهێنانی کارەبا تا 2021/5/26 بەرهەمهێنان گەیشتە 85 مێگاوات".

 ئاماژە بەوەشکراوە: "رۆژانە لەلایەن کۆمپانیاوە بڕی بەرهەمهێنان زیاتر دەکرێت و بڕیار وایە تاکۆتایی مانگی شەش بە چەند قۆناغێک بگاتە 165 مێگاوات و بخرێتە سەر  تۆڕی نیشتمانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان و سوودێکی باشی هەبێت بۆ کوردستان بە گشتی و گەرمیان بەتایبەت".

ئەمە لەکاتێکدایە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەستبەکاربوونی چەند پڕۆژەیەکی لە کەرتی کارەبا ئەنجامداوە لەپێناو باشترکردنی کارەبا و زیادیکردنی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا بە هاووڵاتییان، لەم چوارچێوەیەشدا ئێستا تیمەکانی وەزارەتی کارەبا لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی بەستنی پێوەری زیرەکن، بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی کارەبا، بەمەش رێگری دەکرێت لە بە فیڕۆچوونی کارەبا.