بەرهەمی نەوتی عێراق و کوردستان رۆژانە "4.7 ملیۆن" بەرمیلە

"رۆژانە 3.9 ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات"

K24-ھەولێر

بریکارێکی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند بەرهەمی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکووک ئێستا گەیشتووەتە "4.7 ملیۆن" بەرمیل لە رۆژێکدا.

بریکاری بە ئەزموونی وەزارەتی نەوتی عێراق فەیاز نیعمە بە تۆڕی میدیایی عێراقی راگەیاند: "بەرهەمی نەوتی عێراق و کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و کێڵگەکانی کەرکووک ئێستا گەیشتووەتە 4 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا".

بریکارەکەی وەزارەتی نەوت گوتیشی: "ئێستا ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراق هەرێمی کوردستان و نەوتی کەرکووک لەنێوان 3.7 بۆ 3.9 ملیۆن بەرمیل نەوتە لە رۆژێکدا و نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان و کەرکووکیش پێکەوە دەگاتە زیاتر لە 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا".

بەپێی بۆرسەکانی بازاڕی نەوت لە جیهان نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی جۆری پێوەری برێنت ئەمڕۆ گەیشتە 47.96 دۆلاری ئەمریکی. لە کاتێکدایە نەوتی عێراق بە نزیکەی 5 دۆلار کەمتر لە نەوتی برێنت دەفرۆشرێت.

ئا: ئا ، ف