ئەردۆغان: کەناڵێکی نوێ بۆ بەستنەوەی دەریای رەش بە دەریای مەڕمەڕە دروست دەکەین

"مانگی حوزەیران کارکردن لە پڕۆژەیەکی زەبەلاح دەستپێدەکات"
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

رەجەب تەیب، ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، کۆتایی مانگی حوزەیرانی داهاتوو، دەست بە کارکردن لە کەناڵێکی نوێی ئاوی بۆ بەستنەوەی دەریای رەش بە دەریای مەڕەمەڕە دەکەن، کە گوژمەکەی ملیاران دۆلارەوە دەبێتە جێگرەوەی گەرووی بۆسفۆرس لە ئیستانبوڵ.

بە گوێرەی راپۆرتێکی بلوومبێرگ، درێژی کەناڵەکە 45 کیلۆمەترە و گوژمەکەی نزیکەی 15 ملیار دۆلارە، ئامانج لێی ئاسانکاری جووڵەی گواستنەوەی دەریایی و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی رووداوی هاتووچۆیە لە گەرووی بۆسفۆرس لە ئیستانبوڵ.

هەروەها سەرۆک کۆماری تورکیا پەیمان دەدات، بە درێژایی کەناڵەکە چەندین شاری نوێ دروست دەبن و هەزاران دەرفەتی کار دەڕەخسێت، ئەوەش کاریگەری گەورەی لەسەر گەشەی ئابووری تورکیا دەبێت.

لە ماوەی 18 ساڵی حوکمڕانی ئەردۆغان، تورکیا بە قەبارەی دەیان ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە ژێرخانی ئابووری زەبەلاح کردووە، لە دیارترینیان، فڕۆکەخانەی نوێی ئیستانبوڵ، پردێکی نوێ لەسەر گەرووی بۆسفۆرس و چەندین نەخۆشخانەی گەورە لە ئیستانبوڵ.

پێشبینی دەکرێت بەهۆی ئەو کەناڵە نوێیەی پلانی بۆ داڕێژراوە شارێکی نوێ دروست بێت، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نیو ملیۆن کەس بێت، هەروەها چەندین پردیشی لەسەر دابمەزرێن بۆ ئەوەی هەردوو لا بەیەکەوە ببەستێتەوە.