مەهەپە: سیستمی سەرۆکایەتی رێگەخۆشکەرە بۆ ستەمکاری

"لە ئایندەیەکی دووردا زیانێکی زۆر بە تورکیا دەگەیەنێ"

K24-ھەولێر

سەرۆکی پارتی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەولەت بەهچەلی ئەمڕۆ سێشەممە دژایەتی خۆی بۆ پەیڕەوکردنی سیستمی سەرۆکایەتی لە تورکیا راگەیاند و گوتی لە کۆتاییدا دەبێتە ستەمکاری.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز دەولەت بەهچەلی لە پێش پەرلەمانی تورکیا گوتیشی: سیستمی سەرۆکایەتی لە تورکیا "لە ئایندەیەکی دووردا زیانێکی زۆر بە تورکیا دەگەیەنێ و من دژی هەردوو سیستمەکەم". سیستمی سەرۆکایەتی و سیستمی نا سەرۆکایەتی.

ئەمە لە کاتێکدایە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار لە تورکیا دەخوازێ پاڵپشتی پارتی نەتەوەیی لە پەرلەمان بەدەستبێنێ بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور و پەیڕەوکردنی سیستمی سەرۆکایەتی کە رێگە بە سەرۆک کۆماری تورکیا دەدات پەیوەندی بە حزبەکەیەوە هەبێ و دەسەڵاتی فراوانتر دەکات لەسەر حیسابی دەسەڵاتی سەرۆک وەزیران.

هاوکات نەتەوەیی تورکیا ماوەیەکە دووچاری لەیەکترازان بووە بەهۆی ململانێی نێو حزبەکە لەسەر پۆستی سەرۆکی حزب، بەتایبەت دوای ئەوەی سەدان لە ئەندامانی حزبەکە هەوڵی لابردنی دەولەت بەهچەلییان دا لە سەرۆکایەتیکردنی حزبەکە.

ئا: ئا ، ف