لە کۆیە 10 بگۆڕ بۆ وێستگەکانی کارەبا دابینکرا

قوباد تاڵەبانی: هەرێمی کوردستان کێشەی بەرهەمهێنانی کارەبای نییە، بەڵکو کێشەی لە گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا هەیە
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان - کۆیە
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان - کۆیە

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ پێنجشەمە 2021/6/3، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەڕێورەسمێکدا، 10 بگۆڕ و بۆ 10 وێستگەی کارەبا لە قەزای کۆیە دابینکرا.

لە وتارێکدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "سەرەڕای ئەو پڕۆژە گرنگانەی لە کەرتی کارەبا ئەنجامدراون، وەک پڕۆژەکانی دروستکردنی وێستگە و دانانی پێوەر و زیادکردنی بەرهەمی کارەبا و چاکسازی لە کەرتی کارەبا، بەڵام ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ ئەو کەرتە بکەین، هێشتا لە ئاستی خەڵک و وەزارەتی کارەبا  و سەرۆکی حکومەت و بەندە نییە، بۆ نەهێشتنی کێشەی کارەبا پێویستمان بە هەماهەنگی زیاتر هەیە لەنێوان حکومەت و هاووڵاتیان و کەرتی تایبەت".

گوتیشی: "هەرێمی کوردستان کێشەی نییە لە بەرهەمهێنانی کارەبا، رەنگە بتوانین بە زیادەوە کارەبا بەرهەم بێنین، نەک هەر بۆ ناوخۆ، بەڵکو بینێرینە شارەکانی دیکەی عێراق، کێشەی کارەبا لە هەرێمی کوردستان گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبایە، بۆ چارەسەر پێویستمان بە هەنگاوی جدییە و دەستمان پێکردووە".

جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەکرد: "دیاردەی سەرپێچی بۆ سەر تۆڕەکانی کارەبا زەرەری زۆری لە کەرتی کارەبا داوە، وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان توندترین ئیجرائات دەگرینەبەر، دژی هەر بەرپرسێکی حکومی کە هاوکاربێت لە زێدەڕۆیی و سەرپێچی بۆ سەر کەرتی کارەبا".

سەبارەت بە گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی عێراق، قوباد تاڵەبانی، راشیگەیاند: "خۆشبەختانە لیژنە لاوەکییەکان توانیویانە هەنگاوی باش بنێن، بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی بودجەی 2021ی عێراق، پێم وایە لە ئایندەیەکی نزیکدا هیچ بەربەستێک نامێنێ بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێ. ساڵێک و دوو مانگە بەردەوام دەچینەوە بەغدا، ویستومانە بیسەلمێنین ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە وەک هەرێمی کوردستان هەم پێیەوە پابەند دەبین هەمیش بەدواداچوونی بۆ دەکەین، هەروەها هیچ بیانوێک ناهێڵین چیتر زوڵم لە هەرێمی کوردستان بکرێت، کاتێک هیچ بیانوێک نەما داوا دەکەین فشار بخرێتە سەر حکومەتی عێراق، بۆ ئەوەی پابەندبێت بەو ئەرکەی لەسەر شانیەتی. من گەشبینم بە ئاستی پەیوەندی و هەماهەنگییەکانمان، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".