هه‌ڵبژارده‌ی عێراق گۆڵبارانی كه‌مبۆدیای كرد

ئاهه‌نگی یاریزانانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق دوای گۆڵی یه‌كه‌می موهه‌نه‌د عه‌لی له‌ دی كه‌مبۆدیا
ئاهه‌نگی یاریزانانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق دوای گۆڵی یه‌كه‌می موهه‌نه‌د عه‌لی له‌ دی كه‌مبۆدیا

لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2022ـی قەتەر، عێراق لە بەحرەین میوانداریی کەمبۆدیای کرد و دوای تەنیا ٢٠ چرکە موهەنەد عەلی گۆڵی یەکەمی بۆ عێراق تۆمار کرد، بە خێراترین گۆڵ لە مێژووی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ مۆندیال دادەنرێت.

کەمبۆدیا کە لە شەش یاریی پاڵاوتنەکان هیچ بردنەوەیەکی بەدەستنەهێناوە، لەم یارییەش هەر زوو خۆی بەدەستەوە دا، ئەم هەڵبژاردەیە لە ماوەی ٢٣ خولەک گۆڵی دووەمیشی لێکرا و ئەمجارە بەشار رەسەن واژۆی لەسەر گۆڵی دووەمی عێراق کرد.

 

عێراق بە تەواوەتی كۆنترۆڵی یارییەکەی کرد و لە ئەنجامی  فشاری بۆ سەر گۆڵی کەمبۆدیا ناوبژیوان فیکەی لێدانی سزای لێدا، عەلی عەدنان لەم رێگەیەوە گۆڵی سێیەمی لە خولەکی 27 بۆ هەڵبژاردەی رافیدەین تۆمار کرد.

بەر لە تەواوبوونی نیوەی یەکەم یاریزانانی عێراق چەند جارێکی دیکە بوونە هەڕەشە لەسەر گۆڵی رکابەرەکەیان، بەڵام هەر بە سێ گۆڵەکە کۆتاییان بەم نیوەیە هێنا.

لە نیوەی دووەمیشدا عێراق لە سەرەتاوە دەستی بە هێرشکردن کرد و موهەنەد جارێکی دیکە گۆڵی کرده‌ ئامانج، به‌ڵام ستوون بووە بەربەست.

یارییەکە گەیشتە خولەکی 55 و لە تۆپێکی جێگیردا کەمبۆدیا یەکەمین گۆڵی خۆی لە یارییەکە کرد و کریا سارێت واژۆی لەسەر گۆڵەکە کرد.

لەم نیوەیە عێراق لاوازتر دەرکەوت و بەراورد بە نیوەی یەکەم کەمترین مەترسی لەسەر گۆڵی کەمبۆدیا دروست کرد.

شێرکۆ کەریم تاکە یاریزانی کورد له‌لایەن کاتانیچی راهێنەرەوە تەنیا خولەکێک دەرفەتی یاریکردنی پێدرا و لە خولەکی ٩٢ بەشداری یارییەکەی کرد.

لە دوا ساتەکانی یارییەکە سەفا هادی کە وەکو یاریزانی یەدەگ بەشداری کرد توانی بە لێدانی سەر گۆڵی چوارەمی عێراق بکات.

عێراق یارییەکەی بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە، چوارەمین سەرکەوتنی لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ مۆندیال بەدەستهێنا و کەمبۆدیای تووشی شەشەمین دۆڕان کرد، لە یازدەی ئەم مانگەشدا عێراق رووبەڕووی هۆنگ کۆنگ دەبێتەوە، پێش ئەوەی بەرامبەر ئێران یاریی بکات.