قوباد تاڵەبانی: ده‌بێت لێپرسینەوە لە هەموو ئەو زیادەڕۆییانە بکرێت کە لە سلێمانی کراوەتەسەر موڵکی گشتی

جێگری سەرۆکی حکومەت لەگەڵ لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی زیادەڕۆیی لە سلێمانی کۆبووەوە
کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی زیادەڕۆیی لە سلێمانی
کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی زیادەڕۆیی لە سلێمانی

K24 – هەولێر

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە ئەندامانی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی زیادەڕۆیی لە سلێمانی كرد، هەوڵی تەواو بدەن بۆ بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە هەموو ئەو زیادەڕۆییانەی لە سنووری شارەوانی سلێمانی کراوەتەسەر موڵکی گشتی.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ئەو لیژنەیە کۆبۆتەوە کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی زیادەڕۆیی لەسەر موڵک و ماڵی گشتی لە سنووری شارەوانی سلێمانی پێکیهێنراوە، لە گەڵیاندا دانانی میکانیزمی بۆ چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی زیادەڕۆییەکان تاوتوو کردووە.

ئەمڕۆ سێ شەمە 8ی حوزەیران (یونیۆی) 2021 لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی، جێگری سەرۆک وەزیران، لەو کۆبوونەوەیەدا  پشتگیری تەواوی خۆی بۆ لیژنەکە دووپاتکردۆتەوە و داوای لە ئەندامەكانی كردووە هەوڵی تەواو بدەن بۆ بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە هەموو ئەو زیادەڕۆییانەی لە سنووری شارەوانی سلێمانی کراوەتەسەر موڵکی گشتی.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکراوە لەسەر دانانی میکانیزمێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی زیادەڕۆییەکان و لێپرسینەوەی یاسایی لە هەموو ئەوانەی زیادەڕۆییان کردووە.

لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی زیادەڕۆیی رۆژی 2021/4/6 بەپێی فەرمانی ژمارە 3662 لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە پێکهات و ئامانجی لیژنەکەش بەدواداچوون و دیاریکردنی ئەو ناوچانەی سنووری شارەوانی سلێمانییە کە زیادەڕۆییان کراوەتەسەر، لەگەڵ دیاریکردنی کەس و لایەنی بەرپرسیار لە زیادەڕۆییەکان بۆ ئەوەی رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بکرێنەوە.