ڤایرۆسی كۆرۆنا پێكهاته‌ی هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا ده‌گۆڕێت

لویز ئێنریكی راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا
لویز ئێنریكی راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا

دوای تووشبوونی سێرخیۆ بۆسکێتس بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، پێشبینی ده‌كرێت یاریزانی زیاتر تووشبوونی ڤایرۆسه‌كه‌ بن، لویز ئێنریکی راهێنەر بڕیاریدا کیپای گۆڵپارێزی یانەی چێڵسی و پێنج یاریزانی دیکە بانگهێشتی کەمپی مەشقی هەڵبژاردەی لارۆخا بکات.

بەر لە دەستپێکردنی یۆرۆی 2020 ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەپێکێت و یاریزانانی ئەم هەڵبژاردەیە لە نێو دڵەراوکێیەکی زۆرەوە بەردەوامی بە مەشق و راهێنان و ئامادەکارییەکان دەدەن، بەتایبەت دوای تووشبونی سێرخیۆ بۆسکێتسی سەرکردەی لارۆخا بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەنجامدانی پشکنین بۆ سەرجەم یاریزانانی دیکەی ئیسپانیا.

لویز ئێنریکی راهێنەری لارۆخا لە ترسی بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا لە نێو یاریزانان، بڕیاریداوە پێنج یاریزان وەکو یەدەگ بانگهێشتی کەمپی مەشقی هەڵبژاردەکەی بکات، ئەوانیش بریتین لە برایس مێندێز، رۆدریگۆ مۆرینۆ، کارلۆس سۆلێر، رائول ئالبیۆل و پابلۆ فۆرنالێس.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی هێمای بۆ ئەوە کردووە ئەم یاریزانانە وەکو یەدەگ بانگهێشت کراون و لە هەر بارێکی لەناکاو بۆ یۆرۆ بانگهێشت دەکرێن.

لە لایەن خۆیەوە رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاماژەی بەوە کردووە لە چەند رۆژی داهاتوو پشکنینی دیکە بۆ یاریزانانی ئیسپانیا دەکرێت و ئەگەر هەیە حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەڵبژاردەکە دەربکەوێت چونکە بەرکەوتنی زۆر لەنێو یاریزانان هەبووە.

لە لایەکەی دیکەوە فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بە فەرمی کیپای گۆڵپارێزی یانەی چێڵسی وەکو نوێترین یاریزان بانگهێشتی لیستی فریاکەوتنی لارۆخا و کەمپی مەشقی هەڵبژاردە کرد و چووە ریزی ئەو پێنج یاریزانەی وەکو یەدەگ بۆ یۆرۆ ئامادە دەکرێن.

کیپا دوای گەیشتنی بۆ ئیسپانیا پشکنینی کۆرۆنای بۆ دەکرێت پێش ئەوەی لەگەڵ هەلىژاردەکە دەست بە مەشق و راهێنان بکات.