نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان ئاشکرا کرد

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: پابەندین بە پاراستنی هەرێمی کوردستان
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دۆمەنیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دۆمەنیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا

K24 – هەولێر

دوای کۆبوونەوەیان لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دۆمەنیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان ئاشکرا کرد.

لە سەرەتای کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا نێچیرڤان بارزانی گوتی: "لە کۆبوونەوەکەماندا چەند بابەتێکمان باس کرد، لەوانە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ بەریتانیا. هەروەها کێشەکانی هەولێر و بەغدا و هەوڵەکانی چارەسەرکردنیان، و شەڕی تیرۆر و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوە و بەهێزبوونەوەی داعش، و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و دۆخی ناوچەکە بە گشتی، بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکەمان بوو".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەریتانیا بەرز دەنرخێنین و سوپاسی پشتگیری بەردەوامی بەریتانیا دەکەین، هاوبەشی گەلی کوردستان لەگەڵ بەریتانیا 30 ساڵ بەر لە ئێستا لە چیاکانەوە دەستیپێکرد، لە نیسانی 1991 بەریتانیا لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری 688 یان دەرکرد، بەریتانیا لەگەڵ هاوبەشەکانی دیکەمان رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە کۆکردنەوە و پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ دامەزراندنی نەوای ئارام و ناوچەی دژەفڕین، کە ئەو هەنگاوە بۆ هەرێمی کوردستان دەستپێکی سەرەتایەکی نوێ بوو، لەوساوە تائێستا پەیوەندییمان لەگەڵ بەریتانیا لە هەموو قۆناغەکان بەردەوام بووە و هاوبەشیمان لە شەڕی داعش بەرفراوانتر بوو، سوپاسی بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکەین".

دۆمەنیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکەدا گوتی: "ئامانجی سەردانەکەم رەنگدانەوەی گرنگی هەرێمی کوردستان و ئەو پەیوەندییە مێژووییەیە کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا هەیە، ئێمە خۆشحاڵین بەو پەیوەندییە و وەک بەریتانیا پابەندین بە پاراستنی ئەم هەرێمە".

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، ئاماژەی بەوەشدا: "دەبینین لە کۆمەڵێک رێگەی جیاوازەوە ناوچەکە رووبەڕووی ئاڵنگاری دەبێتەوە، بەڵام سەقامگیری و دابینکردنی ئاسایش زۆر گرنگە".

دۆمەنیک راب، راشیگەیاند: "رۆڵی هەرێمی کوردستان لە شەڕی داعش بەرز دەنرخێنین، ئەو قوربانییەی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە داویانە مایەی شانازییەکی گەورەیە. لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکی هەرێم کۆمەڵێک بابەتی باشمان تاوتوێکردووە، هەردوولا کۆمەڵێک بەرژەوندی هاوبەشمان هەیە. سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراق یەکێکە لە ئامانجەکانی ئێمە و پێیەوە پابەندین، لە رووی ئابوورییەوە گفتوگۆی باشمان کردووە، دەکرێ هەماهەنگی باشمان هەبێت. هەروەها لەسەر بابەتی رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە ئـێمە رۆڵی خۆمان دەبینین، دەمانەوێت هێزێکی مۆدێرن لە هەرێمی کوردستان دروست بکرێت، خۆشحاڵم کە بەریتانیا پارە بۆ رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دابین دەکات، کە چەند قۆناغێکە و دەستیپێکردووە، ئێمە پابەندین بە پشتیوانی لە ئاسایش و ئازادی لە هەرێمی کوردستان، یەکێک لەو خاڵانەی پاڵپشتی دەکەین ئازادی میدیاییە".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئێمە سوپاسی هەرێمی کوردستان دەکەین کە رۆڵی گرنگی بینیوە لە گرتنەخۆی ئاوارەکان، دەمانەوێت لە بوارەکانی پەروردە، تەندروستی، خوێندنی باڵا و گۆڕانکاری کەشوهەوا هەماهەنگیمان هەبێت".

هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، بانگهێشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ وڵاتەکەی و گوتی: "هیوادارم لە ئایندەیەکی نزیک لە لەندەن یەکتر ببینینەوە".

ده‌قی كۆنفرانسی میدیایی سه‌رۆكی هه‌رێم و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا:

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:

بەخێر بێن..

بەخێرهاتنى بەڕێز وەزیرى دەرەوەى بەریتانیا و شاندی یاوەریان دەکەین. خۆشحاڵین کە لەم کاتەدا لە چوارچێوەی سەفەریان بۆ عێراق سەردانی کوردستان دەکەن. لە کۆبوونەوەکەماندا چەند بابەتێکمان باس کرد، لەوانە: پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق لەگەڵ بەریتانیا، کێشەکانی هەولێر ـ بەغدا و هەوڵەکانی چارەسەرکردنیان، شەڕی دژی تیرۆر، مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوە و بەهێزبوونەوەی داعش، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عیراق، دۆخی ناوچەکە بەگشتی و چەند بابەتێکی جێی بایەخی هاوبەش.

پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەریتانیا بەرز دەنرخێنین، سوپاسى پشتگیریی بەردەوامى بەریتانیا لە گەلی کوردستان دەکەین. هاوبەشیی گەلی کوردستان لەگەڵ بەریتانیا (30) ساڵ بەرلە ئێستا لە چیاکانی کوردستان دەستی پێکرد. نیسانی ساڵی 1991، بەریتانیا لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیاری (688)یان دەرکرد. بەریتانیا هاوشان لەگەڵ هاوبەشەکانی دیکەمان، ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە کۆکردنەوەی پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ دامەزراندنی نەوای ئارام و ناوچەی نەفڕین.

بڕیاری (688) و ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی نەوای ئارام، بۆ هەرێمی کوردستان دەسپێکی سەرەتایەکی نوێ بوو، تا بتوانێت برەو بە پەیوەندیی دۆستانە لەسەر ئاستی نێوەدەوڵەتی بدات. لەوساوە تا ئێستا پەیوەندیمان لەگەڵ بەریتانیا لە هەموو قۆناغەکاندا بەردەوام بووە. هاوبەشی و هاریکاریمان لە شەڕی دژی داعشدا، فرانتر بوو.

سوپاسی بەریتانیا و ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەکەین بۆ هاوکاری و پشتگیریی بەردەوامیان لە عیراق و هەرێمی کوردستان. هاوشانى بەریتانیا و وڵاتانى دیکەی هاوپەیمانان، پابەندیى خۆمان بە بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسی و هەڕەشەکانى داعش دووپات دەکەینەوه‌.

هەرێمی کوردستان و عیراقیش وەک هەموو وڵاتانی جیهان، لەبەر پەتای کۆڤيدـ19 و لێکەوتەکانی، زیانی زۆریان بەرکەوتووە! هەستانەوەی ئابووری لە جیهان بۆ قۆناغی دوای کۆرۆنا، پێویستی بە پلان و هاریکاری و هاوبەشی و کاری هەمەلایەنە هەیە.

خۆشحاڵین کە وڵاتانی (G7) بڕی (15) ملیار دۆلاریان تەرخان کردووە بۆ پشتگیری لە پەرپێدانی ئافرەتان لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان. هیوادارین عێراق و کوردستانیش لەو پرۆگرامانە سوودمەند بن، بەتایبەتى لە بوارەکانى پەروەردە، خوێندن، کارکردن، پرۆژەى بازرگانى، پەیداکردنی داهاتی بەردەوام و چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى بەهۆى کاریگەریی خراپی بڵاوبوونەوەى کۆرۆناوە، ڕوویاندا.

بەپێی توێژینەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، عیراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای بەسەرەوە دەبێت! ئێستا لە هەرێمی کوردستان سەرەتاکانی ئەو کاریگەرییە خراپە دەرکەوتوون و خەریکە وشکەساڵی دەبێتە کێشەیەکی جددیی بەردەم هەرێمی کوردستان. جگە لەوە، شوێنەوارە خراپەکانی شەڕی دژی تیرۆریش لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کاریگەریی خراپیان بەسەر ژینگەوە هێشتووە.

ئێمە لە هەرێمی کوردستان پابەندین بە ڕێکارە نێودەوڵەتییەکانى خۆگونجاندن و کەمکردنەوەى کاریگەریی نەرێنیى گۆڕانى کەشوهەوا لە جیهان. لە چوارچێوەی توانا سنووردارەکانی هەرێمی کوردستاندا، چەند هەنگاوێکى بچووکمان هەڵێناوە بۆ داڕشتنى پلانى بەردەوام بۆ کەمکردنەوەى بڵاوبوونەوەى گازى دووەم ئۆکسیدى کاربۆن CO2 هەروەها ئەو گازانەى دەبنە هۆکارى بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما. هەوڵ دەدەین ڕیکارى کردەیی لەم بوارە ئەنجام بدەین. لەمبارەیەوە لە عیراق و لە هەرێمی کوردستان پێویستیمان بە هاوکاریی نێودەوڵەتی هەیە.

زۆر سوپاسی به‌ڕێزان باڵیۆزی به‌ریتانیا له ‌به‌غدا و کونسولی گشتییان له‌ هه‌ولێر ده‌که‌ین بۆ هه‌وڵه‌کانیان بۆ په‌رپێدانی په‌یوه‌ندییه‌کانمان. ده‌ستخۆشییان لێده‌که‌ین و هیوای سه‌رکه‌وتنیان بۆ ده‌خوازين.

دووباره‌ بەناوی حكوومەتی هەرێم و گەلی كوردستانەوە، بەخێرهاتنی جەنابی وەزیر دەكەین، بە خێر بێت.

سوپاس..

ئینجا دۆمینیک ڕاب، وەزیرى دەرەوەى بەریتانیان گوتى:

زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ جەنابتانم، سوپاس بۆ پێشوازیی گەرم و خانەخوێییە دڵفراوانەکەتان. پێم وایە پێویستە بگوترێت سەردانەکەم ئەو بایەخە نیشان دەدات کە ئێمە لە بەریتانیا بە پەیوەندیی مێژووییی نێوانمان دەدەین.

با شتێکیش لەلایەن خۆمەوە بڵێم، ئێمە شانازی بەوەوە دەکەین کە دۆستێکی دێرینی هەرێمی کوردستانی عێراقین. بەو شێوەیەی کە جەنابتان باستان کرد، ئێستا (30) ساڵ زیاتر بەسەر دامەزراندنی نوای ئارام بە دەستپێشخەریی سەرۆکوەزیران جەنابی جۆن مەیجەر، تێدەپەڕێت. (دەزانم شەقامێک بە ناوی ئەوەوە هەیە کە من جارێک دەچم سێڵفییەکی لێ دەگرم). هێڵی نەفڕین یەکجار گرنگ بوو بۆ پاراستنی ئەم هەرێمە لەو زەبروزەنگەی سەدام حسێن دژ بە خەڵک ئەنجامی دەدا.

دەبێ بڵێم کە ئەم هەرێمە ڕێگەیەکی زۆری لەم ماوەیەدا بڕیوە، سەفەرێکی پڕ لە ڕووداو (ئاڵنگارى) بوو، بەڵام ڕێگەیەکی باشتان بڕی. دەتوانم بڵێم هەرێمی کوردستانی عێراق، بووەتە چرایەکی بەردەوامی سەقامگیری کە خۆی لە بەرانبەر کاریگەریی ناسەقامگیرکەری ئێران گرتووە. بێگومان ئێوە زۆر بنەڕەتی بوون لە شەڕى دژى داعشدا. ئێمە ئەمە بەرز دەنرخێنین و دەبێ دروود بۆ هێز و قوربانیدانی گەلی کوردستان بنێرین، چونکە زۆریان بوونە قوربانی لەو سەفەرە مێژوویییەدا.

گفتوگۆی زۆر باشم لەگەڵ سەرۆکی هه‌رێم هەبووە لەسەر کۆمەڵیک پرس، ئێمە بەها و بەرژەوەندیی هاوبەشمان هەیە، سەقامگیریی نەک هەر عێراق، بەڵکوو هیی ناوچەکەیش بۆ هەردوولامان گرنگە و بەریتانیا پابەندە بە قووڵکردنەوەی هاوبەشیمان لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و سەرمایەگوزاری لە هەموو ئەو بوارانەدا کە سەرۆک ئاماژەی پێکرد. ئەمە زۆر ئەرێنییە کە چاکسازیی پێشمەرگە بەردەوام بێت و ئێستا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا کار دەکات، ئەوە یارمەتیی ئەوە دەدات کە داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان دەربکرێن.

خۆشحاڵم ڕابگەیەنم کە بەریتانیا پشتگیریى تازەی ماددی بۆ مەشقپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگە دیاری کردووە، لە بواری “پاراستنی موڵکی فەرهەنگی”دا، بەپێی پەیماننامەی لاهاى، بێگومان، ئەمە سەرەڕای پشتگیریى دیکەى ئێمە.

جەنابی سەرۆکی هه‌رێم و من هاوکات باسی کۆمەڵێک پرسی دیکەمان کرد کە بە لامانەوە گرنگن. باسی گرنگیی میدیایەکی سەربەخۆ و ئازاد و پاراستنی ڕای ئازادمان کرد. پێشوازی لە بایەخی حکوومەتی هەرێم دەکەم بۆ ئەم پرسە، هەروەها پێشوازی لە لێبووردەییی هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ ئایینەکانی دیکەدا و پشتگیریکردنى خەڵکی ئاوارە دەکەم، ئەمە زۆر گرنگە. ئەمە هاوبەشییەکی درێژخایەنە.

سەرۆکی هه‌رێم هەروەها باسی کۆمەڵێک بابەتی نێودەوڵەتی کرد کە بۆ بەریتانیا و سەرۆکایەتیکردنی بەریتانیا لە (G7) گرنگن. سەرۆک باسی کۆمەڵیک پرسی گرنگی کرد بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، جەنابیان باسی خوێندنی کچانی کرد، باسی گۆڕانی کەشوهەوای کرد. ئێمە مانگی تەممووز لەگەڵ دۆستە کینیاییەکانمان میوانداریی هاوکاریی جیهانیی بۆ پەروەردە دەکەین بۆ پەرەپێدان بە خوێندنی کچان لەسەر ئاستی دونیا و بێگومان جەنابیان ئەم بابەتەی هێنایە بەر باس لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقیشدا.

گۆڕانی کەشوهەوا بابەتێکی دیکەى گفتوگۆکانمان بوو بۆ هاوکاریی نێودەوڵەتی. تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئێمە میوانداریی کۆنفرانسى گۆڕانى کەشوهەوا (Cop 26) دەکەین و زۆر گرنگە کە ئەو دەستپێشخەرییانەی لێرەن، باسیان بکەین. لە سەردانی ئەمساڵی جەنابی سەرۆکدا بۆ بەریتانیا، زیاتر باسی ئەوە دەکەین کە ئێمە چیی زیاترمان پێکەوە پێ دەکرێت.

جەنابی سەرۆکی هه‌رێم خۆشحاڵ دەبین بە هاتنتان بۆ لەندەن و بە پتەوکردنى ئەم هاوبەشییەی نێوان حکوومەتەکانمان و لەوە گرنگتر نێوان گەلەکانماندا.

زۆر سوپاس.