تورکیا لەبارەی کەمپی مەخموور هەڕەشە دەکات

چاوشئۆغڵو: کەمپی مەخموور بووەتە هێلانەی پەکەکە
دیمەنێکی دەوروبەری کەمپی مەخموور، دوای بۆردومانی تورکیا 5/6/2021
دیمەنێکی دەوروبەری کەمپی مەخموور، دوای بۆردومانی تورکیا 5/6/2021

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایدەگەیەنێت، کەمپی مەخموور بووەتە هێلانەی پەکەکە و داوا لە حکومەتی عێراق و ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، پەکەکە لە کەمپەکە بکاتە دەرەوە.

مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی راگەیاندووە "هەرگیز خەڵکی سڤیلمان لە کەمپی مەخموور نەکردووەتە ئامانج، تەنیا سەنگەرەکانی پەکەکەمان لە دەورووبەری کەمپەکە بە ئامانج گرتووە".

ئاماژە بەوەش دەکات، کەمپی مەخموور بووەتە هێلانەی پەکەکە و داوای لە حکومەتی عێراق و ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، پەکەکە لە کەمپەکە ببەنە دەرەوە.

چاوشئۆغڵو لەبارەی رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی شنگال رایگەیاند "دوای رێککەوتنەکە، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بۆ پاراستنی پەکەکە چوونەتە ناو شنگال، جا ئەگەر حکومەتی عێراق ناتوانێت پەکەکە لە کەمپی مەخموور و شنگال بکاتە دەرەوە، با رێگە بە تورکیا بدەن، ئەوان دەتوانن ئەو کارە بکەن".