دوایین كاردانه‌وه‌كان له‌ باره‌ی دۆخی ته‌ندروستی ئێریكسن

كریستیان ئێریكسن یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی دانیمارك له‌سه‌ر زه‌وی كه‌وتووه‌ له‌گه‌ڵ وێنه‌یه‌كی خێزان و منداڵه‌كه‌ی
كریستیان ئێریكسن یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی دانیمارك له‌سه‌ر زه‌وی كه‌وتووه‌ له‌گه‌ڵ وێنه‌یه‌كی خێزان و منداڵه‌كه‌ی

لەوانەیە رۆژی ١٢ـی یۆنیۆی ٢٠٢١ دوایین رۆژی کاروانی وەرزشی کریستیان ئێرێکسن بێت و نەخۆشییەکانی دڵ رێگای پێنەدەن جارێکی دیکە لە یاریگاکان پێ لە تۆپ بداتەوە.

دوای ئەوەی کریستیان ئێریکسنی دانیمارکی و یاریزانی یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵیا لە یاری هەڵبژاردەکەی بەرامبەر فنلەندا لە جامی نەتەوەکانی ئەورووپا تووشی جەڵتەی دڵ بوو، گەرچی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا و دانیمارک هەموو لایەکیان لە باشبوونی تەندروستی ناوەڕاستکارە دانیمارکییەکە دڵنیاکردەوە, بەڵام مەترسی کەوتووەتە سەر کاروانی وەرزشی ئێرێکسن.

جولیۆن مۆلۆن پزیشکی تایبەت بە نەخۆشیەکانی دڵ پێیوایە لەبەرئەوەی ئێرێکسن بە لێدانی کارەبایی بەهۆش خۆی هاتووەتەوە، ئەستەمە جارێکی دیکە لە سێریا ئەی رێگەی پێ بدرێت یاری بکاتەوە، چونکە رێکخستنەوەی لێدانی دڵ بە لێدانی کارەبایی، مانای ئەوەیە ئەو یاریزانە لێدانی دڵی رێکخراو نییە.

ئەو پزیشکە دەشڵێت ئێریکسن دەتوانێت لە خولێکی دیکەی ئاسانتر یاری بکاتەوە، بە مەرجێک پێش دەست کردنەوە بە یاریکردن، لەلایەن پزیشکی تایبەتەوە رێگەی پێ بدرێت و تەندروستی تەواو بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی.

لەلایەکی دیکەوە ڤینیسێنز ئیراسیتانۆ پزیشکی پسپۆڕی حاڵەتە کتوپڕەکان و نەشتەرگەرییەکان دەڵێت: لە ئێستادا ناتوانن بریار لەسەر تەندروستی ئەو یاریزانە بدرێت، بەڵام ئەگەرێکیش هەیە کە بتوانێت بگەرێتەوە و بەردەوام بێت لە یاریکردن.

ئەو پزیشکە دەشڵێت: دەمەوێت ئەو حاڵەتەی ئێریکسن بەراورد بە حاڵەتەکەی ئیکەر کاسیاس گۆڵپارێزی ئیسپانی بکەمەوە، ئەو کاتە ئەو گۆڵپارێزەش دوای ئەوەی تووشی جەڵتەی دڵ بوو و گەڕایەوە و دەستی بە راهێنانەکانی کردەوە.