نه‌فتالی بینیت له "قوتابی" نه‌تانیاهۆوه بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی مامۆستاكه‌ی
K24- هه‌ولێر:
نه‌فتالین بینیت، سه‌ركرده‌ی توندڕه‌وی ئیسرائیلی (49 ساڵی)، له سیاسه‌تدا رێگاكه‌ی به‌ره‌و شوێنگرتنه‌وه‌ی بنیامین ناتانیاهۆ، مامۆستای پێشووی بڕی و ئێستا ئاماده‌كاری بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و پۆسته ده‌كات، كه سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانه.
ئه‌و ملیۆنێر و بزنسمانه‌ی پێشوو له بواری ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتوو سه‌رۆكایه‌تی حزبی "راستڕه‌و"ی توندڕه‌و ده‌كات، كه بانگه‌شه بۆ لیبراڵیه‌تی ئابووری ره‌ها و كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌روه‌ها له‌خۆگرتنی دوو له‌سه‌ر سێی خاكی كه‌رتی رۆژئاوا بۆ سه‌ر خاكی ئیسرائیل ده‌كات.
بڕیاره ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی ئیسرائیل (كنیست) ده‌نگ به ئیئتیلافێكی نوێی حكومی بدات، كه له‌لایه‌ن یائیر له‌بید، سه‌ركرده‌ی ئۆپۆزسیۆنه‌وه پێكهێنراوه، به‌گوێره‌ی ره‌شنووسی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌نێوانیان واژوو كراوه بۆ ئه‌وه‌ی به‌نۆره پۆستی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت به‌ڕێوه ببه‌ن، دوو ساڵی یه‌كه‌م پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران له‌لایه‌ن بینیته‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت و دواتر پۆسته‌كه‌ی راده‌ستی له‌بید، ئه‌ستێره‌ی پێشووی ته‌له‌ڤزیۆنی ده‌كات.
بینیت په‌یڕه‌وی گوتارێكی ئایینی نه‌ته‌وه‌یی توند ده‌كات، هه‌روه‌ك بانگه‌شه بۆ سیاسه‌تێكی توند له دژی ئێرانیش ده‌كات.
ئه‌گه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی متمانه‌ی كنیستی به‌ده‌ستهێنا، بینیت ده‌بێته یه‌كه‌م سه‌ركرده‌ی حزبی راستڕه‌وی ئایینی توندڕه‌و له مێژووی ئیسرائیل‌دا، كه پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران به‌ڕێوه ببات، دوای ئه‌وه‌ی له رابردوودا پێنج پۆستی وه‌زاریی به‌ڕێوه‌بردووه، له‌وانه‌ش پۆستی وه‌زیری به‌رگری له ساڵی 2020.
دوێنێ هه‌ینی، بینیت له به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ له‌بیدی هاوپه‌یمانه‌كه‌ی گوتی: "واژووكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه له ماوه‌ی 2 ساڵ و نیو كۆتایی به قه‌یرانی سیاسی ده‌هێنێت"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ته‌حه‌دیاتی گه‌وره" به‌ڕێوه‌ن.
به‌گوته‌ی ئه‌و سه‌ركرده راستڕه‌وه‌ی ئیسرائیل، "حكومه‌تی داهاتوو كار بۆ جه‌ماوه‌ری ئیسرائیل به گشتی ده‌كات، باوه‌ڕداران، عه‌لمانییه‌كان، توندڕه‌وان و عه‌ره‌به‌كان به‌بێ جیاوازی و وه‌ك یه‌ك كۆمه‌ڵگه".
گوتیشی: "من له‌و باوه‌ڕه‌دام سه‌رده‌كه‌وین".
بینیت كه به زمانی ئینگلیزی و فۆنه‌تیكی ئه‌مه‌ریكی قسه ده‌كات، زۆر گرنگی به دانانی قه‌لنسۆته (ئه‌و كڵاوه بچووكه‌یه كه پیاوانی ئیسرائیلی له رێوڕه‌سمه ئایینییه‌كان له‌سه‌ریان ده‌كه‌ن) ده‌دات، پێشتر قوتابی ناتانیاهۆ بوو و تا ئێستاش له‌ڕووی ئایینه‌وه له‌گه‌ڵ ناتانیاهۆ هاوهه‌ڵوێسته، به‌ڵام له شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات ره‌خنه‌ی لێ ده‌گرێت.
وێڕای ئه‌نجامه لاوازه‌كانی حزبه‌كه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م دواییه‌دا، كه له مانگی ئادار/ مارسی 2021 به‌ڕێوه‌چوون، بینیت له بونیادنانی هاوپه‌یمانێتییه‌ك بۆ پێكهێنانی ئیئتیلافێكی حكومی سه‌ركه‌وتوو بوو.
هه‌روه‌ها گوتی: شاره‌زایه‌تییه‌كه‌ی رێگه‌ی پێ ده‌دات ببێته ئه‌و پیاوه‌ی دوای كاریگه‌رییه‌كانی په‌تای كۆرۆنا ئابووری ئیسرائیل چاره‌سه‌ر بكات. له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یدا نموونه‌ی سنگاپووریی به‌كارهێناوه و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "ئه‌و هه‌وڵ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی باج و كه‌مكردنه‌وه‌ی بیرۆكراتیه‌ت ده‌دات".
پێشتر بینیت به‌شێك بوو له حكومه‌ته‌كه‌ی ناتانیاهۆ، كه له ساڵی 2018 شكستی هێنا و له ساڵی 2013ـه‌وه پێنج پۆستی وه‌زاریی به‌ڕێوه‌بردووه، دوایینیان وه‌زاره‌تی به‌رگری بوو له ساڵی 2020، به‌ڵام ناتانیاهۆ داوای لێ نه‌كرد له حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌یدا به‌شدار بێت، كه له مانگی ئایار/ مایۆ راسپێردرا.
ئێڤا گۆتسمان ده‌ڵێت: "له كۆڕبه‌ندی سیاسه‌تی ئیسرائیل‌دا، بینیت نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و كۆپییه راسته‌قینه‌یه ده‌كات، كه تایبه‌ت بۆ جه‌ماوه‌ری ئیسرائیل دیزاین كراوه و هه‌وڵ بۆ گۆڕینی ناتانیاهۆ ده‌دات".
بینیت، كه پێشتر سه‌ربازی هێزه تایبه‌ته‌كان بوو، له 25ی ئادار/ مارسی 1972 له شاری حه‌یفا له دایك و باوكێكی ئه‌مه‌ریكی له‌دایكبووه، ئێستا له‌گه‌ڵ گرانێتی هاوسه‌ره‌كه‌ی و هه‌رچوار منداڵه‌كه‌ی له شاری "ره‌عنانا" له ناوه‌ڕاستی ئیسرائیل ده‌ژیت.
ئه‌ویش هه‌روه‌ك بنیامین ناتانیاهۆ، خزمه‌تی یه‌كه‌ی "سایریت ماتكال"ی سه‌ربازیی ده‌سته‌بژێری كردووه و دوای فرۆشتنی كۆمپانیا ته‌كنه‌لۆژییه‌كه‌ی به 145 ملیۆن دۆلار له ساڵی 2005، چووه‌ته ناو سیاسه‌ت. له ساڵی دواتر بووه‌ته به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی بنیامین ناتانیاهۆ، كه ئه‌و كات ناتانیاهۆ له به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن بوو.
دوای ئه‌وه‌ی نووسینگه‌ی ناتانیاهۆی به‌جێهێشت، له ساڵی 2010 بووه سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشته‌جێبوون له "یه‌هودا، غه‌ززه و سامره (ناوی ته‌وراتیی كه‌رتی رۆژئاوایه)".
له ساڵی 2012 كاتێك به‌رپرسیارێتی حزبی "ماڵی یه‌هودی"ی راستڕه‌وی توندڕه‌وی وه‌رگرت، بینیت شۆڕشێكی سیاسیی هه‌ڵگیرساند، كه گریمانه‌ی ئه‌وه ده‌كرا هه‌موو كورسییه‌كانی له په‌رله‌مان له‌ده‌ست بدات، به‌ڵام به چار ئه‌وه‌نده‌ی پێشتر كورسی په‌رله‌مانیی به‌ده‌ستهێنایه‌وه، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی زنجیره‌یه‌ك لێدوانی به‌هێزی له‌باره‌ی ململانێكانی نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستینی دا.
له ساڵی 2013 بینیت گوتی: "پێویسته "تیرۆرسته" فه‌له‌ستینییه‌كان بكوژرێن نه‌ك ئازاد بكرێن". هه‌روه‌ها گوتی: "كه‌رتی رۆژئاوا داگیر نه‌كراوه، چونكه هیچ ده‌وڵه‌تێكی فه‌له‌ستینی له‌و ناوچه‌یه نه‌بووه"، هه‌روه‌ها "چاره‌سه‌ركردنی ململانێی ئیسرائیل و فه‌له‌ستین مه‌حاڵه". هاوكات بینیت به توندڕه‌وترین به‌رهه‌ڵستكار بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین داده‌نرێت.
وێڕای به‌ڕێوه‌بردنی پۆستی وه‌زیری به‌رگری، هه‌روه‌ها بینیت پۆستی وه‌زاره‌ته‌كان ئابووری و فێركردنیشی له حكومه‌ته‌كه‌ی ناتانیاهۆ به‌ڕێوه‌بردووه، له ساڵی 2018 ناوی حزبی "ماڵی یه‌هودی" ی بۆ "یه‌مینا" واتا به‌ره‌و راست گۆڕیوه.
سه‌ڕه‌ڕای پاشخانه ئاینییه راستڕه‌وه‌كه‌ی، بینیت ته‌وقه‌كردن له‌گه‌ڵ ئافره‌ت ره‌ت ناكاته‌وه و پرسیاره‌كان له‌باره‌ی پێگه‌ی ئایین له ده‌وڵه‌تدا به‌لایه‌وه گرنگ نین و هه‌ڵگری هزرێكی لیبراڵییه له‌باره‌ی هه‌ندێك پرس، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به بابه‌تی هاوڕه‌گه‌زبازان.
له دیمانه‌یه‌كی ئه‌م دواییه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی 12ی ئیسرائیلی، بینیت پاساوی بۆ بڕیاره‌كه‌ی له‌باره‌ی دروستكردنی ئیئتیلافی "گۆڕان" هێنایه‌وه، وێڕای ئه‌وه‌ی پێشتر ره‌تی كردبووه‌وه به‌شداری له حكومه‌تێكدا بكات، كه له‌لایه‌ن له‌بیده‌وه پێكبهێنرێت و گوتی: "به‌رژه‌وه‌ندی وڵات به‌سه‌ر گوته‌كانیدا زاڵن".
هه‌روه‌ها گوتی: "ئامانجی سه‌ره‌كی هه‌ڵبژاردنه‌كان خۆی له رزگاركردنی ئیسرائیل له پشێوییه‌كاندا ده‌بینێته‌وه" و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "ئه‌وه‌م هه‌ڵبژاردووه كه بۆ ئیسرائیل باش بێت".
جێگای ئاماژه‌یه، "ژماره‌یه‌كی زۆری شرۆڤه‌كارانی ئیسرائیل له راستڕه‌و و چه‌پڕه‌وه‌كان له‌و باوه‌ڕه‌دان، بینیت بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له پۆسته‌كه‌یدا وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران نامێنێته‌وه".
H.B