گرووپی حه‌وت: له‌ پشتوانیكردنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق و پێشمه‌رگه به‌رده‌وام ده‌بین

G7 هانی هاووڵاتیانی عێراق ده‌ده‌ن به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ بكه‌ن
كۆبوونه‌وه‌ی "گرووپی 7" له‌ به‌ریتانیا
كۆبوونه‌وه‌ی "گرووپی 7" له‌ به‌ریتانیا

K24 - هه‌ولێر:

دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی گرووپی حه‌وت، كه‌ ئه‌مساڵ له‌ به‌ریتانیا به‌ڕێوه‌چوو، راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا باس له‌ ره‌وشی عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش كراوه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، "گرووپی 7"، كه‌ خۆی له‌ وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا، به‌ریتانیا، ئه‌ڵمانیا، كه‌نه‌دا، فه‌ره‌نسا، ئیتاڵیا و ژاپۆن ده‌بینێته‌وه‌، پشتیوانی خۆیان بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق، به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیشه‌وه‌ ده‌ربڕیوه‌ له‌ شه‌ڕكردن له‌ دژی داعش و دووپات له‌وه‌ش كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌م پشتیوانیكرده‌ به‌رده‌وام ده‌بن.

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، "گرووپی 7" هانی هاووڵاتیانی عێراق ده‌ده‌ن به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ بكه‌ن، كه‌ بڕیاری 10ی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ ئه‌نجام بدرێت.

گرووپی 7، پێشوازیش له‌ هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عێراق ده‌كات بۆ لێپرسینه‌وه‌ و به‌ سزاگه‌یاندنی گرووپه‌ چه‌كدارییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یاسا، كه‌ له‌ هێرشه‌كانیاندا هاووڵاتیانی عێراق و ئه‌ندامانی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی له‌ عێراق ده‌كه‌نه‌ ئامانج، له‌كاتێكدا ئه‌و هێزانه‌ له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی عێراق له‌م وڵاته‌ن.

ئاماژه‌ به‌ رۆڵی ئه‌و هێزانه‌ش كراوه‌ له‌ عێراق، كه‌ خۆی له‌ مه‌شقپێكردن و راهێنان و پێشكه‌شكردنی راوێژی سه‌ربازی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ شه‌ڕكردن له‌ دژی داعش.

به‌ گوێره‌ی لێدوانی به‌رپرسانی باڵای سه‌ربازی و سیاسی عێراق، ئه‌گه‌رچی له‌ مانگی دیسه‌مبه‌ری 2017ـه‌وه‌ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌، به‌ڵام تا ئێستاش هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانی چه‌كدارانی داعش له‌ عێراق ماوه‌.

 

د.ی