ره‌نگه گفتوگۆكانى نێوان روسیا و ئه‌مه‌ریكا له ناوه‌ڕاستى رێگا كۆتاییان پێ بێت
K24 - هه‌ولێر:
هه‌ردوو رۆژنامه‌نووس، ماتی‌و چانس و لوك ماكچى، له چوارچێوه‌ى وتارێكیاندا كه ماڵپه‌ڕى (سی ئێن ئێن) بڵاویكردووه‌ته‌وه، رایانگه‌یاندووه، له لوتكه‌ى نێوان ڤلادیمێر پوتن و جۆ بایدن، پوتن براوه بوو.
هه‌ردوو رۆژنامه‌نووس، ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه كردووه، روسیا و ئەمەریکا رێكه‌وتن ده‌رباره‌ى كردنه‌وه‌ى ده‌رگاى گفتوگۆ له نێوانى هه‌ردوو وڵات، جیا له‌وه‌ش رێكه‌وتوون بۆ گێڕانه‌وه‌ى دیپلۆماتكارانیان.
تیشكیشیان خستووه‌ته سه‌ر هه‌ڵوێستى پوتن له‌و دیداره، له وتاره‌كه‌یاندا هاتووه: پێشتر پوتن ئاماژه‌ى بۆ دیدارى له‌گه‌ڵ بایدن نه‌كردووه، هه‌روه‌ها ئه‌و وشه ناسكانه‌ى هه‌ردوولا له كۆنگره رۆژنامه‌نووسییه‌كه دركاندیان، كاریگه‌رى له سه‌ر بۆچوونى پوتن نه‌كرد، بۆ جێبه‌جێكردنى پلان و ئه‌جێندا و سیاسه‌ته‌كانى روسیا، له ده‌ره‌وه.
ماتی‌و چانس و لوك ماكچى، گووتیشیان: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى پوتن له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ بایدن، به بوێرییه‌وه په‌نجه‌ى تۆمه‌تى ئاڕاسته‌ى دژ به مۆسكۆ درێژ كرد، كاتێك په‌یامنێری "بی بی سی" ده‌رباره‌ى هێرشه ئه‌لیكترۆنییه‌كان پرسیارى له پوتن كرد، سه‌رۆكى روسیا رایگه‌یاند، ئێمه رێكه‌وتین له‌مباره‌وه، راوێژى دوو لایه‌نه له نێوانمان ده‌ستپێبكات، هه‌ردوولاش پێویسته پابه‌ندى بڕیاره‌كان بن.
روونیشیانکردەوە، پوتن به‌رده‌وام ره‌خنه له دۆخى ناوخۆی ئه‌مه‌ریكا ده‌گرێت، ئاماژه‌ی بۆ رووداوه‌كه‌ى ناوچه‌ى كاپیتۆل كرد، كاتێك جۆرج فلۆیدى ره‌شپێست كوژرا، ئه‌مه‌ى وه‌ك چه‌كێك دژى بایدن به‌كار هێنا.
له نووسینه‌كه‌ی هه‌ردوو رۆژنامه‌نووسدا هاتووە: له‌باره‌ى هێرشه نێوخۆییه‌كانى روسیا بۆ سه‌ر هێزه ئۆپۆزیسیۆنه‌كان، پوتن رایگه‌یاندووه، ده‌ستگیركردنى ئه‌لێكس ناڤالینى، په‌یوه‌ندى به‌وه هه‌یه، كه ناوبراو پابه‌ند نییه به یاسا و رێساكانى روسیا، ئه‌و كرده سه‌ربازییانه‌ى له نێو وڵات ئه‌نجام ده‌درێت، له‌گه‌ڵ رێسا و پڕه‌نسیپه‌كانى نێوده‌وڵه‌تى هاوتان و ئاسایین، ئه‌مه‌ریكییه‌كان خۆیان داگیركارن، هاتوونه‌ته سه‌ر سنووره‌كانى روسیا، له باره‌ی پرسی به ئه‌ندام بوونى ئۆكرانیاش له "ناتۆ"، پوتن پێى وایه، ئه‌م دۆسیه‌یه بوارى گفتوگۆی تێدا نیه.
باسیشیان لەوە کردووە: پوتن پیاوێكه زۆر متمانه‌ى به ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى خۆی هه‌یه، تواناى ئه‌وه‌ى هه‌یه، كه ئه‌گه‌ر بیه‌وێت له‌گه‌ڵ هه‌ر كێ كۆببێته‌وه، كۆ ده‌بێته‌وه، بێ ئه‌وه‌ى هیچ شتێك له‌ده‌ست بدات، ئه‌مه‌ریكا خۆی داواى له روسیا كردووه، كۆبوونه‌وه ئه‌نجامبده‌ن، هێزى پوتن هاوشێوه‌ى بایدنه، راسته پوتن، بایدنى دیاریكرد تاوه‌كو رێكه‌وتنى له‌گه‌ڵ بكات، مه‌رجیش نیه هه‌ردوولا رێبكه‌ون، ئه‌مه وه‌ك ئاگربه‌ست وایه، ره‌نگه گفتوگۆكان له‌ناوه‌ڕاستى رێگا هه‌ره‌س بهێنن، هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى كه پوتن ده‌ینێت، بۆ ده‌ستكه‌وتى هێزى روسیایه له جیهاندا.
به‌پێى زانیارییه‌كانیش، پوتن زۆر ئازایانه توانى وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى رۆژنامه‌نووسان بداته‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌و روسانه‌ى نێوخۆ كه بۆچوونیان وایه، رۆژئاوا هاوبه‌شێكى مه‌ترسیدارى روسه‌كانه.
سه‌رچاوه: ساسة بوست
ك.ب