مدحەت سنجەر: دۆسیەی داخستنی هەدەپە تۆڵەکردنەوەی شکستەکانی هەڵبژاردنە

"قبووڵ ناکەین دۆسیەی داخستنی هەدەپە بخرێتە چوارچێوەی یاسایی، ئەو بڕیارە سیاسییە"
مدحەت سنجەر، هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)
مدحەت سنجەر، هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)

K24 – هەولێر

لەبارەی بڕیاری قبووڵکردنی دۆسیەی داخستنی هەدەپە لەلایەن دادگای دەستووری تورکیا، هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند، ئەو بڕیارە سیاسییە و هەدەپە دەپارێزن و مەزنی دەکەین.

مدحەت سنجەر، هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "لە هەڵبژاردنی 7ی حوزەیرانی 2015 پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) تووشی شکست بوو، بڕیاری داخستنی هەدەپە تۆڵەکردنەوەی ئەو شکستەیە".

گوتیشی: "قبووڵ ناکەین بڕیاری داخستنی هەدەپە بخرێتە چوارچێوەی یاسایی، ئەو بڕیارە سیاسییە و دەبوایە لەلایەن دادگای دەستووری رەتکرابایەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "کوشتنی ئەندامێکی ئێمە بەناوی دەنیز لە چەند رۆژی رابردوودا لە ئیزمیر، دەرخستنی ئەو یاری و پیلانانەیە کە دژی هەدەپە لە ئارادان، ئەوەی هەیە ئۆپەراسیۆنێکی سیاسییە، لەگەڵ ئەوەشدا ئومێد دەکەین لەو دۆسیەدا دادگای دەستووری تورکیا بەرپرسانە مامەڵە بکات".

هاوسەرۆکی هەدەپە راشیگەیاند: "ئێمە باش دەزانین، ئەو دۆسیە لە ناوەندی گشتی مەهەپە ئامادە کراوە و بڕیاری کۆتایی لە سەرۆکایەتی کۆمار دراوە، پارێزەری راستەقینە گەلی کورد و تورکن لەسەر ئەم دۆسیە، بێگومان بن ئێمە هەدەپە دەپارێزین و بە زیندویی دەیهێڵینەوە".

ئەمە لەکاتیکدایە دوێنێ 21/6/2021، دادگای دەستووری تورکیا دۆسیەی داخستنی هەدەپەی قبووڵکرد، کە ماوەیەک لەمەوبەر لەلایەن داواکاری گشتی تورکیا ئاراستەی کرابوو، پێشتر لە 7ی حوزەیرانی ئەمساڵ درابووە دادگای دەستووری، بەڵام بەهۆی بوونی کەموکورتی سکاڵاکە رەتکرابووەوە.

داواکاری گشتی تورکیا ئاشکرای کردووە، دۆسیەی داخستنی هەدەپە زیاتر لە 800 لاپەڕەیە. تیایدا داوا کراوە قەدەغەی کاری سیاسیی بخرێتە سەر 451 کەس و رێوشوێنی پێویستیش لە بەرامبەر هەژمارە بانکییەکانی هەدەپە بگیرێتەبەر.

ه.م