هێلین ئاڵانی.. ئه‌و كچه‌ی بڕوانامه‌كه‌ی وه‌لاناوه و ژینی لادیێ هه‌ڵبژاردووه
K24 – هەولێر:
هێلین چیچۆ، كچێكى دانیشتووى گوندى "ئالانه"ى ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تیی سه‌ر به قه‌زاى چۆمانه، ده‌رچوونى له به‌شی ژمێریاری زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین، بڕوانامه‌كه‌ی وه‌لا ده‌نێت و ژینی لادێی ته‌ك دایك و باوكی هه‌ڵده‌بژێرێت، چالاكی رۆژانه‌ی خۆی له گونده‌كه‌ی، له رێگه‌ی ئینستاگرامه‌وه بڵاوده‌كاته‌وه.
هێلین له رێگه‌ى ڤیدیۆكانى ژیان و ساده‌یی گوند، نیشانى فۆڵۆوه‌رزه‌كانى ده‌دات، كه ژیان و ساده‌یی جارانمان بیرده‌خاته‌وه، ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، كه ژیانكردن له شاردا، چه‌نده قورسه.
View this post on Instagram
هێلین چیچۆ، بۆ كوردستان24 گووتى: "دواى ئه‌وه‌ى زانكۆم ته‌واو كرد له هه‌ولێر، سی ڤی خۆم بۆ په‌یداكردنی كارێك نارده چه‌ند كۆمپانیایه‌ك، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كاریشم ده‌ستكه‌وت، به‌ڵام بڕیارمدا شار جێبهێڵن و ژینی لادێی لای دایك و باوكم هه‌ڵبژێرم".
ئه‌و گوتیشی: "هه‌میشه روانین و بیركرنه‌وه‌كانم به‌و ئاڕاسته‌یه بوون، كه ژیان له شاردا، هزر و ده‌روون ماندوو ده‌كه‌ن، منیش كچی گوندم، له‌وه‌ته‌ى هه‌م، له گونده‌كه‌م، ژیانم له‌ته‌ك دایك و باوكم به‌ڕێكردووه".
هێلین چالاكییه‌كانی له ئینستاگرام بڵاوده‌كاته‌وه و ئه‌و كاره‌شی وه‌ك به‌خشینی وزه‌ی ئه‌رێنی به به‌كارهێنه‌ران و فۆڵۆوه‌رزه‌كانی ده‌زانێت، هه‌ر بۆیه‌ش ده‌یه‌وێت وێڕای كاری سه‌خت، ئه‌و چێژه‌ی له گونده‌كه‌ی هه‌یه بیگه‌یه‌نێته فۆڵۆوه‌رزه‌كانی.
ده‌شڵێت: "به‌داخه‌وه هه‌ست ده‌كه‌م له وڵاتى ئێمه، سۆشیال میدیا به‌رده‌وام وزه‌ى نێگه‌تیڤ به مرۆڤَ ده‌به‌خشێت، هه‌ستم كرد، فه‌یسبووك و ته‌واوى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، وزه‌ى زۆرم لێ ده‌دزن، به‌تایبه‌ت ئه‌و پۆستانه‌ى كه پڕن له هه‌واڵى ناخۆش و مرۆڤ بێ تاقه‌ت ده‌كات، دواجار بڕیارمدا بگه‌ڕێمه‌وه گونده‌كه‌ى خۆمان كارێكى جیاواز بكه‌م".
View this post on Instagram
روونیكرده‌وه، بۆ دابینكردنى ده‌روونێكى ئارام، بڕیارمدا له‌لاى دایك و باوكم بمێنمه‌وه، بیرم له‌وه‌شكرده‌وه، له رێگه‌ى سۆشیال میدیا، چالاكى گونده‌كه‌م "ئالانه"، پیشانى خه‌ڵكى كوردستان بده‌م و ئه‌وه‌ش نیشانبده‌م، كه مرۆڤ پشت به‌هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵاى خۆی ببه‌ستێت، دواجار ئه‌وه گرنگه مرۆڤ له كه‌ش و هه‌وایه‌كى هێمن ژیان به‌سه‌ر ببات.
هیلین پێیوایه ده‌بێت مرۆڤ پشت به تواناكانى خۆی ببه‌ستێت و ده‌ڵێت: "له رێگه‌ى ڤیدیۆكانیشم په‌یامێك بگه‌یه‌نم، هه‌موو ره‌نگ و ده‌نگ و ئایین و نه‌ته‌وه‌یه‌ك تێم بگات و سوودى لێببینێت".
ڤیدیۆكانى هێلین بێده‌نگن، هه‌مووى چیرۆكى ژیانى لادێ و كورده‌وارى ره‌سه‌ن نیشانده‌ده‌ن، زۆربه‌ی دیمه‌نه‌كانیش چالاكی رۆژانه‌ی خۆی، دروێنه‌ی گیا و كۆكردنه‌وه و به‌روبووم و میوه‌ی پێگه‌یشتووی گونده‌كه‌یه، هه‌ندێكجاریش دیمه‌نی دروستكردنی نان و كولێره بڵاوده‌كاته‌وه.
View this post on Instagram
چاندنى دار و پاككردنه‌وه‌ى ره‌زو باخه‌كان و ئاماده‌كردنى خواردنیش، به‌شێكى دیكه‌ى ڤیدیۆكانى هێلینه، به به‌راورد له‌گه‌ڵ ژیانى قورسى شار و پێشكه‌وتنه‌كانى جیهانگیری و بڵاوبوونه‌وه‌ى شێوازه جیاوازه‌كانى په‌یوه‌ندیكردن و هه‌روه‌ها پێشكه‌وتنى كه‌ره‌سته و ئامێره‌كانى ناو ماڵ، هێلین شتى ساده‌مان پیشانده‌دات.
وه‌ك به‌كارهێنه‌رێكی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئه‌و ده‌رچووه‌ی زانكۆ له ژێر زۆربه‌ى ڤیدیۆ و وێنه‌كانى ئینیستگرامدا نووسیوێتى: "ژینى لادێ سه‌یرانه، گه‌رچى تۆزێ گرانه"، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ سه‌ختى ژیانى گوندنشینان، به‌ڵام له هه‌ندێكى دیكه ئاماژه‌ی پێكردووه، ئه‌گه‌ر ئاویش له‌ماڵه‌وه ببڕێت، روو له كانییه‌كانى گوند ده‌كه‌ن بۆ دابینكردنى ئاوى پێویست و قاپ شووشتن و چێشتلێنان.
ئه‌و كچه بۆ ئێوارانى گوند بۆ ڤیدیۆ و وێنه‌كانى نووسیوێتى: "ئێوارانى گوند تایبه‌ته"، له باره‌ى چا هێلین ده‌ڵێت: "له كاتی پشوو، تووڕه‌یی، میوانداری و كاتی عه‌سرانیش هه‌ر داوای چا ده‌كه‌ین، چا لای ئێمه هه‌موو شتێكه".
ك.ب