لە سنووری پشدەر شەڕ لەنێوان چەکدارانی پەکەکە و گوندنشینان روویدا

K24 – پشدەر
لە گوندێکی سنووری قەزای پشدەری سەر بە ئیدارەی راپەڕین، شەڕ لەنێوان چەکدارانی پەکەکە و گوندنشینان روویدا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە گوندی شێنێ-ی سنوری پشدەر، شەڕ لەنێوان چەکدارانی پەکەکە و گوندنشینان دروستبوو".
بەکر بایز، قایمقامی پشدەر بە کوردستان24ی گوت "راستە ئەو رووداوە بووە و چەکدارانی پەکەکە بە نایاسایی داوای گومرگیان لە مەڕوماڵاتی گوندنشیان کردووە، ئەوانیش قبوڵیان نەکردووە و شەڕ روویداوە، چەکدارانی پەکەکە تەقەیان کردووە و هاووڵاتییەک برینداربووە".
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیامنێری کوردستان24 کەوتووە "هاووڵاتی فەقێ حەمەد ئیسماعیل دانیشتووی گوندی زەڵێ-ی سەر بە ناحیەی هەڵشۆ لەلایەن مەفرەزەیەکی بەشی گومرگی پەکەکە دەستڕێژی گولـلەی لێکراوە و بەسەختی بریندار بووە، بریندارەکە بۆ چارەسەر گوازراوەتەوە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی قەڵادزێ و ئێستا لەژێر چارەسەری پزیشکی دایە".
دوای رووداوەکە لەنێوان چەکدارانی پەکەکە و گوندنشیان ئاڵۆزی دروستبووە.
مانگی شوباتی ئەمساڵ بەهۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گوندی شێنێ-یان بۆردومان کرد و خەڵکی گوندەکەش داوایان کرد چەکدارانی پەکەکە لە گوندەکەیان دوور کەونەوە.