"کاندیدەکانی هەڵبژاردنی داهاتوو بە هەڕەشەی کوشتن پاشگەز دەکرێنەوە"

میلیشیا و گرووپە چەکدارەکان دەیانەوێت بە نمایشی سەربازی خەڵک بترسێنن
kurdistan24.net

K24 – هەولێر

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ده‌نگ كڕین و نمایشكردنى سه‌ربازى له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ شیعیه‌كانه‌وه‌ ده‌ستىپێكردووه‌، ئه‌وه‌ش به‌لاى كورد پێشهاتێكى مه‌ترسیداره‌، بۆیه‌ داواى یه‌ك ده‌نگى و یه‌ك هه‌ڵویستى له‌لایه‌نه‌كان ده‌كرێت‌، پەرلەمانتارێکیش دەڵێ "بە زەبری چەک و هەڕەشەی کوشتن کاندیدەکان لە خۆ پاڵاوتن پاشگەز دەکرێنەوە".

بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "لە عێراق چەک زاڵە، زۆر لەو چالاکوان و کەسایەتیانەی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو پاڵاوتووە، بە هەڕەشەی کوشتن پاشگەز دەکرێنەوە، ئەوە دەیسەلمێنێ ئەو هەڵبژاردنانە بەمجۆرە گۆڕانکاری زیاتر لە عێراق دروست دەکات".

گوتیشی: "بە ئاشکرا گرووپ و هێزە چەکدارەکان لە شەقامە گشتییەکانی بەغدا و نەجەف و کەربەللا نمایشی سەربازی دەکەن و هێزی خۆیان پیشان دەدەن، خۆی ئەمە جۆرێکە لە ساختەکاری، کە بە زەبری چەک و  ترس و تۆقاندن خەڵك وا لێبکەیت دەنگ بە لایەنێک بدەن".

كورسیه‌كانى كورد له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى عێراق، له‌ هه‌رسىێ پارێزگاى هه‌ولیر و سلێمانى و دهۆك دیاریكراوه‌ كه‌ ئه‌ویش 45 كورسیه‌، جگه‌ له‌ ناوچه‌ كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان، به‌ڵام به‌بڕواى چاودێرانى سیاسى، گه‌ر كورد یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵویست نه‌بێت و  ناتوانن به‌و كورسیانه‌وه‌ كاریگەری هەبێت.

سیروان حه‌مه‌ ره‌شید، چاودێرى سیاسى دەڵێ: "دەبێ سەرکردایەتی سیاسی کورد و حزبە سیاسییەکانی کودستان، بە ئەجندایەکی نیشتمانیی و نەتەوەیی و یەک گوتاری بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق بکەن، پێویستە لە ئێستاوە ئامادەکاری بکەن و کاری سەرەکی ئەوەیە دەنگدار ئاشتبکەنەوە و کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەن".

بڕیاره‌ له‌ ئۆکتۆبەری ئه‌مساڵ، هه‌ڵبژاردنى پەرلەمانی عێراق به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌وه‌ى نیگه‌رانى له‌لاى شه‌قامى عێراقى و ته‌نانه‌ت نوێنه‌رانى كورد دروستكردووه،‌ ئه‌وه‌یه‌ لایه‌نه‌ شیعیه‌كان به‌ نمایشكردنى هێزى سه‌ربازى و ده‌نگ كڕێن ده‌یانه‌وێت زۆرترین كورسى به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌وه‌ش به‌ مه‌ترسى ده‌زانرێت هەم بۆ سه‌ر عێراق، هەمیش ئاستەنگ دروستكردن بۆ هه‌رێمی كوردستان.