شاره‌زایه‌كی رووسیا: یارییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ خزمه‌تی خامه‌نه‌ییه
K24 – هه‌ولێر:
نووسه‌ر و شاره‌زای ستراتیژی رووسیی، ئیگۆر سۆپۆتین، له رۆژنامه‌ی "نیزاڤیسیمایا گازێتا" وتارێكی له باره‌ی ئاماده‌كارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆی ئابووری سه‌ر ئێران نووسیوه و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه، ئه‌وه‌ی رووده‌دات ده‌چێته خزمه‌تی رێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، عه‌لی خامه‌نه‌یی، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی ئێران بگه‌ڕێته‌وه بۆ رێككه‌وتنی ناووكی.
پوخته‌ی وتاره‌كه:
ده‌گونجێت ئه‌مه‌ریكا، ناوی عه‌لی خامه‌نه‌یی له لیستی سزاداراوانی ئه‌مه‌ریكا لابه‌رێت. ئه‌مه ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئێران بگه‌ڕێته‌وه بۆ رێككه‌وتنی ناووكی.
ئه‌مه‌ریكاییه‌كان ئه‌و پێشنیازه‌یان له میانی دانووستانه‌كانی ڤیه‌ننا خستووه‌ته به‌ر ده‌ست ئێرانییه‌كان.
كه‌ناڵی "NBC"ـی ئه‌مه‌ریكایی له زاری كه‌سانی نزیك له جۆزێف بایدنی سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌وه بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ریكاییه‌كان پێشنیازێكی له‌و جۆره‌یان كردووه.
پێش دوو ساڵ، ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا سزای به‌سه‌ر خامه‌نه‌ییدا سه‌پاندبوو.
سزاكان ره‌مزیین، به گوێره‌ی ئه‌و سزایانه، خامه‌نه‌یی بۆی نییه سه‌ردانی ئه‌مه‌ریكا بكات. ناتوانێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكاییه‌كان بكات.
هه‌ندێك له‌و بڕوایه‌دان، ئه‌گه‌ر سزاكان لاببرێن، ئاماژه‌ی روون ده‌بن بۆ لاوازی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر به خامه‌نه‌یی.
هه‌روه‌ها ره‌نگه وا لێكبدرێنه‌وه، هه‌ڵگرتنی ئه‌و سزایانه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی سزاكان كرۆك و مانای سیاسیی خۆیان له‌ده‌ست بده‌ن.
بابه‌تێكی دیكه دێته ئاراوه، ئیسرائیل چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌نگاوه ده‌كات. هه‌رچه‌نده ئه‌م مانگه ناتانیاهۆ كورسی ده‌سه‌ڵاتی له‌ده‌ستدا، به‌ڵام سیاسه‌تی ئیسرائیل به‌رامبه‌ر به ئێران ناگۆڕێت.
پێش ئه‌وه‌ی سوێند بخوات و ببێته سه‌رۆك وه‌زیران، نفتالی بینیت، ره‌شبینی خۆی له هه‌مبه‌ر هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا بۆ چوونه‌وه ناو رێككه‌وتنی ناووكی پیشان دا.
ره‌نگه ئه‌و مه‌سه‌له‌یه سه‌ربكێشێت بۆ ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندی نێوان ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكا.
لانیكه‌م وا ده‌رده‌كه‌وێت له سه‌رده‌می بایدندا، ئیسرائیل پشتیوانی سه‌د له سه‌دی بۆ هه‌موو پرسێك لێ ناكرێت.
سه‌رچاوه: روسيا اليوم
و:ئ.ر