لە گەڕەکێکی بەغدا 30 رۆژە ئاو نییە

"لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن چەندین بەڵێنمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێدەدرێت، بەڵام دواتر هێچ بەڵێنێك جێبەجێ ناکرێت، ئەگەر بە کۆڵانەکاندا بڕۆی دەبینی زۆرینەی خانووەکان لەسەریان نووسراوە بۆ فرۆشتن"

K24- هه‌ولێر:

بێ ئاوی و بێ کارەبایی دانیشتوانی عێراقی هەراسان کردووە و تیمی کوردستان24 دەچێتە گەڕەکی نەهرەوانی سەر بە پارێزگای بەغدا و دانیشتوانی گەڕەکەکە دەڵێن 30 رۆژە ئاوی خواردنەوەیان نییە و دۆخیان زۆر خراپە.

هاووڵاتیانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ ئاشکرشیان كرد، کە رۆژانە ناچارن ئاو بکڕن، بەڵام ئەو ئاوەشی کە دەیکڕن بۆ خواردنەوە و خۆشۆردن بەکارنایەت و نازانن چی بکەن، هەروەها دانیشتوویەکی دیکەی ناحیەی نەهرەوان دەڵێت لەبەر بێ ئاوی و بێ خزمەتگوزاری زۆرینەی دانیشتوانی نەهرەوان دەیانەوێت خانووەکانیان بفرۆشن و ئەو ناوچەیە جێبهڵن.

دانیشتوانی ئەم گەڕەکە، کە کەوتووەتە رۆژئاوای شارەکەوە، دەڵێن بۆ ماوەی 30 رۆژە گەڕەکەکەیان بێ ئاوە و تا ئێستاش کەس نییە ئاوڕێکیان لێبداتەوە و لەم گەرما بێبەزەیەی پایتەختدا لە کۆڵ قەیرانی ئاویان بکاتەوە.

پلەی گەرما لە بەغدا تا دێت بەرزتر دەبێتەوە، لەهەمان کاتیشدا کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا و ئاو تا دێت کەمتر دەبێت. یەکێك لە دانیشتوانی گەڕەکەکە بۆ کوردستان24 گوتی: گەڕەکەکەمان نزیکەی مانگێکە ئاوی نییە و ئەو ئاوەشی بە تانکەر دەیکڕین، تووشی دەیان نەخۆشی کوشندەمان دەکات.

عەبدوڵڵا کامل، دانیشتووی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، "رۆژانە چەند جۆرێک ئاو دەکڕین، هەندێک زۆر خراپن و کەس ناتوانێت جەستەشی پێ بشتوات، دوای بەرکەوتنی بە جەستەت تووشی هەستاری و نەخۆشی ئەکزیمات دەکات، ئەم جۆرە ئاوە، ئاوی رووبارە و ئەوی دیکەیان بۆ خواردنەوە، بەڵام ئێمە ناتوانین ئەویش بخۆینەوە، لە کاتێکدا رۆژانە ئاو بە 10 هەزار دینار دەکڕین، ئاو نییە و بە تەواوی وشکی کردووە، 15 بۆ 30 رۆژ دەبێت ئاومان نەهاتووە، بە تایبەتی لە گەڕەکەکەمان، کە 30 رۆژە ئاو نەهاتووە، ناوچەکانی دیکەش بێ ئاون و رۆژانە 10 بۆ 15 خولەک ئاومان پێدەدرێت، ئەم کاتەش نیو تانکییش پڕناکات".

دانیشتوانی ئەم گەڕەکە دەڵێن بەهۆی نەبوونی ئاوی پاکەوە، رۆژانە خەڵک گەڕەکەکە بەجێدەهێڵن و خانووەکانیان دەفرۆشن، ئێستا ترسیان له‌وه‌ هەیە، کە یەکێك لە گەڕەکە بەناوبانگەکانی بەغدا بەهۆی نەبوونی ئاو چۆڵ بکرێت.

هاووڵاتییه‌كی دیكه‌ گوتی: "لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان چەندین بەڵێنمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێدەدرێت، بەڵام دواتر هێچ بەڵێنەکان جێبەجێ ناکرێن، نەهرەوان ناوچەیەکەی وێرانبووە، خەڵکی نەهرەوان ناوچەکەیان جێدەهڵێن، ئەگەر بە نێو کۆڵانەکاندا بڕۆی دەبینی زۆرینەی خانووەکان لەسەریان نووسراوە بۆ فرۆشتن، دوێنێ 25 خێزان نەهرەوانیان جێهێشتووە، پێش دوو رۆژ کوڕێکی ناسراومان کە تەمەنی 17 ساڵانە، بەهۆی نەبوونی ئاو کۆچی دوایی کرد، بەهۆی هەڵکردنی مۆلیدە بە مەبەستی هەڵکردنی ترۆمپای ئاو، بۆیە حکومەت و بەرپرسانی بەغدا بەرپرسن لەم دۆخە".

لە دوای ساڵی 2003ـه‌وه‌ بەرپرسانی عێراق و حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی بەغدا بەڵێنی باشترکردنی ئاو و کارەبای داوە، بەڵام دوای زیاتر لە 17 ساڵ، دانیشتوانی بەغدای پایتەخت لەسەرەی ئاوگرتندا هەر چاوەڕێی بەجێگەیاندنی بەڵێنی بەرپرسەکانن.

د.ی