ئومێد خۆشناو: هەولێر بەو کارە ترسنۆکانە ناهەژێت

"دەزگاکانی ئاسایشی ئێمە هێندە بەهێزن، هیچ شتێک کاریگەری لەسەر هەولێر نابێت"
دێمەنێکی شەوی رابردووی بەردەم فڕۆکەخانەی هەولێر - دوای هێرشەکە
دێمەنێکی شەوی رابردووی بەردەم فڕۆکەخانەی هەولێر - دوای هێرشەکە

K24 – هەولێر

دوای هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، پارێزگاری ئەو شارە رایگەیاند "هەولێر ئارامە و بەو کارە ترسنۆکانە ناهەژێت".

دوای ئەوەی شەوی رابردوو بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (دڕۆن) هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، رایگەیاند: "ئەو هێرشەی کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی هەولێر هێرشێکی تیرۆرستییە و ئیدانەی دەکەین، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".

گوتیشی: "هەولێر ئارامە و بەو کارە ترسنۆکانە ناهەژێت، راستە هەولێر وەک ناوەندێکی بڕیاری سیاسی هەرێمی کوردستان هەمیشە ئامانجی تیرۆرستان دەبێت، بەڵام باوەڕمان وایە دەزگاکانی ئاسایشی ئێمە هێندە بەهێزن، هیچ شتێک کاریگەری لەسەر هەولێر نابێت".

پارێزگاری هەولێر، راشیگەیاند: "دەبێ هاوپەیمانان و حکومەتی عێراق، پارێزگاری زیاتر لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە هەولێر بکەن".

دژه‌ تیرۆری كوردستان رایگه‌یاند، شەوی رابردوو 6/7/2021، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە، تەنها ئاگر لە پووش و پەڵاش کەوتەوە.