پەرلەمانتارێکی گۆڕان: داھاتی نەوت روون و ئاشکرایە

"کێشە سەرەکی داهاتی خاڵە سنوورییەکان و داهاتەکانی دیکەیە"
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

پەرلەمانتارێکی گۆڕان رایدەگەیەنێت، داھاتی نەوت روون و ئاشکرایە، ئەوەی کێشەی بۆ مووچە دروستکردووە داھاتی خاڵە سنوورییەکان و داھاتی ناوخۆیە،و پێوستە حکومەت و پەرلەمانی کوردستان داھاتی راستەقینە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن.

جەلال محەمەد ئەمین، بڕیاردەری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "داهاتی نەوت روون و ئاشکرایە و لە وێبسایتی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەیە، هەموو کەس ئەتوانێ ببینێ و تاڕادەیەک لای پەرلەمانیش ئاشکرایە، هەرچەندە گرفت لە گرێبەستەکانی رابردوو هەیە، بەڵام کێشە سەرەکییەکە داهاتی خاڵە سنوورییەکان و داهاتەکانی دیکەی ناوخۆیە، هەست دەکرێت جۆرێک لە میزاج کاریگەری بەسەر بەرزبوونەوە و دابەزین داهاتەکان هەبێت، چونکە لە ماوەی مانگێکدا جیاوازی زۆر لە داهاتەکان هەیە".

هەر لەسەر ئەو پرسە گوڵیزار رەشید، جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمان گوتی: "چاکسازی لە هەموو کەرتەکان دەکرێت، دەبێ کەرتی نەوت و داهاتی خاڵە سنوورییەکان و داهاتەکانی دیکەی ناوخۆ شەفاف بێت".

گوتیشی: "وەک پەرلەمان لەگەڵ حکومەت لەسەر خەتین، بۆ ئەوەی هەموو هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە، لەپێناو دابینکردنی مووچەی تەواو بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".