لێپرسینەوە لەو سەربازە ئەمریكیانە دەكرێت كە جلی یەپەگەیان پۆشیووە
K24 - ھەولێر
گوتەبێژی ھێزی ھاوپەیمانی نێودهوڵهتی دژی داعش رایگەیاند، ئەو دوو سەربازە ئهمریكییهی بە جلوبەرگی شهڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بینراون، رەزامەندی پۆشینی جلوبەرگی یەپەگەیان نەبووە و داواشیان لێکراوە جلوبەرگیان بگۆڕن.
ستیڤ وارن، گوتەبێژی ھێزی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "رێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر بۆ لێپرسینهوه لەو دوو سەربازە، دوای ئەوەی وێنەی سەربازەکان بڵاوبووەوە و کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا".
وارن گوتیشی: "ئەمریکا لە ھەماھەنگیدایە لەگەڵ سەرجەم ھێزە ھاوپەیمانەکان بەمەبەستی روونکردنەوە لەسەر بڵاوبوونەوەی وێنەی سەربازەکانی بە جلوبەرگی یەپەگەوە".
دوا بەدوای بڵاوبوونەوەی وێنەی دوو سهربازی ئهمریكا به جلوبهرگی شهڕڤانانی یهپهگه، مەولوود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا رهخنهی توندی له ئەمریکا گرت و باڵوێزی ئەمریکاشی لە ئەنقەرە بانگھێشت کرد، بە مەبەستی خستنهڕووی روونکردنەوە لەسەر ئەو وێنانە.