كازمى: ناكرێت بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه به بێ ره‌وتى سه‌در بچینه هه‌ڵبژاردنه‌وە
K24 – هەولێر:
له‌باره‌ى كاردانه‌وه‌كانى كشانه‌وه‌ى ره‌وتى سه‌در، له هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق، مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، رایگه‌یاند، ناكرێت بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه به بێ به‌شدارى ره‌وتى سه‌در، كه پێكهاته‌یه‌كى گرنگى كۆمه‌ڵگه‌ى عێراقین، بچینه نێو پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه.
مسته‌فا كازمى، له هه‌ژمارى تایبه‌تى خۆی، لە تویته‌ردا، راشیگه‌یاند، عێراق پێویستى به‌وه هه‌یه، بگات به هه‌ڵبژاردنێكى پاك و سه‌ربه‌خۆ، ره‌وتى سه‌دریش، پێكهاته‌یه‌كى گه‌وره و گرنگى كۆمه‌ڵگه‌ى عێراقین، پێویسته گه‌ل و سیاسییه‌كان، به شێوه‌یه‌كى ته‌ندروستانه، پێكه‌وه بچنه نێو پڕۆسەی هه‌ڵبژاردن.
روونیشیكرده‌وه، به‌رپرسیارێتى مێژووییمان له ئه‌ستۆیه، ره‌وتى سه‌در پێكهاته‌یه‌كى گرنگن، ناكرێت بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه، بێ ئه‌وان هه‌ڵبژاردن به‌رێوه بچێت.
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه، كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، رایگه‌یاند، هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران، له(10ى تشرینى یه‌كه‌م)ی ئەمساڵ، به‌ڕێوه ده‌چێت.
له‌لایه‌كى تره‌وه، تاریق ئه‌لحه‌رب، پسپۆڕى یاسایی، رایگه‌یاند، به‌شداری نه‌كردنى ره‌وتى سه‌در له هه‌ڵبژاردنه‌كان، واته، دیار نه‌مانى زۆرینه‌ى شیعه، له په‌رله‌مانى عێراق.
پێشتریش موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند: "بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق ناکەم".
گوتیشی: "خۆم بەری دەکەم لەوانەی لە حکومەتی ئێستای عێراق و کابینەی داهاتوو بەشدارن، چونکە هەموویان گەندەڵکارن".
سەرچاوە: الايلاف
ک.ب