گەشتیارانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق روو له هەرێمی کوردستان دەکەن
K24- هه‌ولێر:
لە ھەموو بۆنەیەکدا گەشتیارێکی زۆر روو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، بە پێچەوانەی جەژنەکانی پێشوو لە بەر ئەوەی کەرەنتین نییە و تا رادەییەك رێکارەکان ئاسایین، گەشتیارێکی زۆر روو لە ھەولێر دەکەن، تەنیا لە بازگەی شێراوە رۆژانە نزیکەی ھەزار گەشتیار دێنه پارێزگای ھەولێر.
گەشتیاران بۆ کوردستان24 دەڵێن بۆ ئەوەی دووربكەوینەوە لەو بێسه‌روبه‌رییه ئەمنی و سیاسییەی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق ھەیە، ھاتووین پشوویەک لە کوردستان وەربگرین.
بازگەکانی ھەولێر جمەیان دێت لە گەشتیار، كه لە شارەکانی بەغدا و بەسرە و نەجەف و کەربەلا و شارەکانی دیكه‌ی عێراقه‌وه هاتوون.
ئه‌حمه‌د سه‌لیم، گه‌شتارێكه و خه‌ڵكی به‌غدایه، شەشەم جاریه‌تی دێتە ھەولێر و گوتی: "بارودۆخی بەغدا ناجێگرە، شاره‌كانی خۆمان وێرانه، ده‌مانه‌ویت ھیچ نەبێت لە جەژندا پشوویەک بدەین و بۆ گەشتکردن ھەولێرمان هه‌ڵبژاردووه، ئێره ئارامه و به‌جوانی پێشوازیمان لێده‌كرێت، له بازگه‌كاندا ئاسانكاریمان بۆ ده‌كرێت".
عه‌لا حوسێن، گەشتیارێکی دیكه‌یە و لە شاری حیللەوە ھاتووە. ئەو كه یەکەم جاریه‌تی بۆ ھەرێمی کوردستان گەشت دەکات، له هاوڕێكانی بیستوویه‌تی کوردستان شوێنێکی دڵگیرە، بۆیە بڕیاریداوه ناوچه گه‌شتیارییه‌كانی هه‌ولێر ببینێت.
رۆژانە لە بازگەی شێراوه و 5 بازگەی دیكه‌ی هه‌ولێره‌وه گەشتیاری عەرەب لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە داخڵی سنووری پارێزگای ھەولێر دەبن، جگە لە رێکارە ئەمنییەکان، رێکاری تەندروستیشیان بۆ ئەنجام دەدرێت، لە ماوەی دوو رۆژی رابردووش‌دا تا ئەمڕۆ زیاتر لە 30 ھەزار گەشتیار لە بازگەکانەوە داخڵ بوونه.
د.ی