رۆژانه هه‌زار تۆن زبڵ له كه‌ركووك كه‌ڵه‌كه ده‌بێت
K24 – كه‌ركووك:
رۆژانه له شاری كه‌ركووك، هه‌زار تۆن زبڵ و خاشاك كه‌ڵه‌كه ده‌بێت و شاره‌وانی ناتوانێت فڕێی بدات.
هاووڵاتییانی كه‌ركووك، ره‌وشی ژینگه‌ی شاره‌كه‌یان به مه‌ترسی راسته‌وخۆ له‌سه‌ر ژیانیان ده‌زانن.
به گوێره‌ی لێدوانی به‌رپرسانی شاره‌وانی بۆ كوردستان24، رۆژانه 1200 تۆن پاشماوه و زبڵ له شاره‌كه كه‌ڵه‌كه ده‌بێت و ئه‌وان ده‌توانن ته‌نیا 200 تۆنی فڕێ بده‌ن.
به گوێره‌ی وته‌ی به‌رپرسانی شاره‌وانی، به‌غدا 38 ملیار دیناری بۆ شاره‌وانی شاره‌كه ته‌رخانكردووه، به‌ڵام ئه‌و پاره‌یه له لایه‌ن ئیداره‌ی پارێزگاكه‌وه بۆ خاوێنكردنه‌وه‌ی شاره‌كه خه‌رج ناكرێت.
به هۆی گه‌رمای به‌تین و خاوێن نه‌كردنه‌وه‌ی شاره‌كه، مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی دانیشتوانی شاره‌كه درووست بووه.
به‌شێك له هاووڵاتیانی شاره‌كه، ناچارن بۆ ده‌ربازبوونیان له‌و مه‌ترسیانه، ئۆتۆمبێل به كرێ ده‌گرن و زبڵ و پاشماوه‌ی خۆیان و ده‌وروبه‌ریان ده‌گوازنه‌وه بۆ ده‌روازه‌كانی شاره‌كه.
له گه‌ڕه‌كه‌كانی كه‌ركووك، فڕێدانی زبڵ له شۆسته‌ی نێوان شه‌قام و سه‌ر شۆسته و گۆڕه‌پانی ناو كۆڵانه‌كان بووه‌ته دیارده و تیمه‌كانی شاره‌وانی فریای خاوێنكردنه‌وه‌ی شاره‌كه ناكه‌ون.
له دوای رووداوه‌كانی شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌وه، به هۆی سه‌پاندنی ئیداره‌یه‌كی نوێ و په‌راوێزخستنی كورد، ره‌وشی خزمه‌تگوزاری شاره‌كه تا دێت خراپتر ده‌بێت.