زۆربەی شوتییەکانی هەڵەبجە تووشی "نەخۆشی رەقە" دەبن

نزیکەی 2500 دۆنم زەوی سنووری هەڵەبجە بە شوتی داچێنراوە
kurdistan24.net

K24 - هەڵەبجە

جۆرە نەخۆشییەك لە زەوییە كشتوكاڵییەكانی سنووری ھەڵەبجە بڵاوبووەتەوە و بە دەیان دۆنم زەوی كشتوكاڵی ئەمساڵی جوتیاران خراپبووە، تەنانەت بەشێك لە جوتیاران رووبەڕووی زیانێكی زۆر بوونەتەوە، بەشێك لە جوتیاران دەڵێن، نەخۆشییەكە سەرەتا لە قەد و گەڵاكان دەردەكەوێت و دواتر بەرەكەی دەبات و بەرھەمەكان ھەمووی لەناو دەبات. ئەندازیارێكی كشتوكاڵیش ھۆكاری خراپبوونی بەرھەمەكان، بۆ پێدانی بڕێكی زۆری نایترۆجین دەگەڕێنێتەوە كە ھەندێك لە جوتیارەكان بۆ خێرایی گەشەی بەرھەمەكانیان بەكاری دێنن.

نەخۆشی لە دانە بە دانەی شوتییەکانی داوە، کەمترین زەوی بە شوتی داچێنراو لەو سنوورەدا بەبێ زیان رزگاریان بووە، جوتیاران زیانێکی زۆری مادییان کردووە، نەخۆشییەکە نەخۆشی کەڕووەو لەنێو جووتیاراندا بە رەقە ناسراوە و بە تەواوەتی شوتیەکە لەناو دەبات.

حەمید ئیسماعیل، یەکێکە لە جوتیارانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە کوردستان24ی گوت: "بەهۆی نەخۆشی رەقە، زیاتر لە 1100 تۆن شوتیمان لەناوچووە".

نەخۆشیەکە لەسەرەتاوە لەسەر لاسک و گەڵاکان دەردەکەوێت، و ئەگەر لەوکاتەدا کۆنترۆڵ نەکرێت ئەوا بەرهەمەکە لەناو دەبات، ئەندازیارێکی کشوکاڵیش دەڵیت، چەند هۆکارێک هەیە بۆ تووشبوونی شوتی، یا هەر بەروبوومێکی دیکە بەو نەخۆشیە، سەرەکی ترینیان پێدانی بڕێکی زۆر نایترۆجیە بۆ زیاد بوونی خێرایی گەشەی بەرهەم.

شەریف ئەحمەد، بەڕێوبەری پاراستنی رووە لە بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی هەڵەبجە بە کوردستان24ی راگەیاند: "دەرمانی قڕکەر بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو جۆرە نەخۆشییە هەیە، هەندێک جوتیار پێیانوایە بەکتریایە، بەڵام ئەو نەخۆشییە کەڕوە نەک بەکتریا، ئەگەر دەرمانی قڕکەر لەکاتی خۆی بەکاربهێنرێت ئەنجامی باشی دەبێت".

لە سنووری هەڵەبجە نزیکەی 2500 دۆنم زەوی بە شوتی داچێنراوە، کە لەو روبەرەش زیاتر لە 1000 دۆنمی تووشی نەخۆشی کەڕوو بووە و لەناو چووە، کە نەخۆشییەکە لەناو جوتیاران بە رەقە ناسراوە.