لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی به‌كارهێنانی هێز له دژی خۆپیشانده‌رانی ئێران ئیدانه ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران به به‌كارهێنانی هێزی كوشنده و گوللـه‌ی زیندوو دژی خۆپیشانده‌رانی ئاشتیانه‌ی پارێزگای خۆزستانی باشووری رۆژئاوای ئێران تۆمه‌تبار ده‌كات، كه ماوه‌ی زیاتر له هه‌فته‌یه‌كه به‌هۆی كه‌می خزمه‌تگوزاری و نه‌بوونی ئاوی خواردنه‌وه ده‌ستیان به ناڕه‌زایه‌تی كردووه.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی رایگه‌یاند، تا ئێستا به‌لایه‌نی كه‌م 8 خۆپیشانده‌ری سڤیل له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی ئێرانه‌وه له پارێزگای خۆزستان كوژراون، كه ژماره‌یه‌كیان مێردمنداڵن و ماوه‌ی 8 رۆژه به‌هۆی نه‌بوونی ئاوی خواردنه‌وه خه‌ڵكی ئه‌و پارێزگایه ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تییان به‌رز كردووه‌ته‌وه.
له به‌یاننامه‌كه‌دا رێكخراوی ناوبراو جه‌ختی كردووه‌ته‌وه، "له هه‌ڵمه‌تێكی ره‌شبگیریدا، هێزه ئه‌منییه‌كان و ده‌زگای هه‌واڵگری ئێرانی ده‌یان خۆپیشانده‌ر و چالاكوانیان له‌و پارێزگایه ده‌ستگیركردووه، زۆربه‌یان له كه‌مینه‌ی عه‌ره‌به‌كانی ئه‌هوازن".
رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی داواشی له ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران كرد، "ده‌ستبه‌جێ ده‌ست له به‌كارهێنانی هێز و چه‌كی زیندوو له دژی خۆپیشانده‌ران هه‌ڵگرن، كه جگه له كوژرانی ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی، تا ئێستا چه‌ندین خۆپیشانده‌ری دیكه‌ش به سه‌ختی بریندار بوونه"، هه‌روه‌ها داواشی لێ‌كردن، "هه‌رچی زووه سه‌رجه‌م ده‌ستگیركراوه‌كان ئازاد بكه‌ن و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك په‌نا بۆ ئه‌شكه‌نجه‌دانیان نه‌به‌ن و مامه‌ڵه‌ی خراپیان له‌گه‌ڵدا نه‌كه‌ن".
هاوكات داواشی له ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته كرد، "كۆتایی به پچڕاندنی ئینته‌رنێت له‌سه‌ر خه‌ڵك بهێنن و كرده‌وه‌كانی داخستنی سه‌ر دانیشتوانی خۆزستان رابگرن و چیتر بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ ده‌رهه‌ق به خه‌ڵكی ئه‌و پارێزگایه پێشێل نه‌كه‌ن".
جێگای ئاماژه‌یه، ماوه‌ی 8 رۆژه به‌هۆی نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری، به‌تایبه‌تیش ئاوی خواردنه‌وه، خه‌ڵكی پارێزگای خۆزستانی باشووری رۆژئاوای ئێران رژاونه‌ته سه‌ر شه‌قام، هێزه ئه‌منییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ش به چه‌ك رووبه‌ڕوویان بوونه‌ته‌وه و به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، تا ئێستا 8 خۆپیشانده‌ر له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه كوژراون و ده‌یانی دیكه‌ش بریندار بوونه، وێڕای ده‌ستگیركردنی ده‌یان خۆپیشانده‌ری دیكه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌وه.
H.B