سۆران..دووکەس لەدوو شوێنی جیاوازدا خنکان 

مەڕوان ساڵح دێوانە دانیشتووی شارەدێی خەلیفان لەگەڵ هاوڕێکانی چۆتە دەڤەری بارزان و لەڕووباری چامە مەلەیان کردووە بەهۆی نەزانینی مەلە خنکاوە
ڕەوەند نەجات
ڕەوەند نەجات

K24- سۆران:

بەیار محیەدین، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی سۆران، بەکوردستان24ی ڕاگەیاند، کاتژمێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ، گەشتیارێک لە ڕووباری (خەلان بیاو) لەسنوری خەلیفان، بەناوی ڕەوەند نەجات، لەدایک بووی ساڵی 1989، دانیشتووی هەولێر، لەکاتی مەلەکردندا، خنکا.

راشیگەیاند، ئەو گەشتیارە خێزاندارە و باوکی دوومنداڵە، لەگەڵ منداڵەکانی لەنێو ڕووباردا مەلەی کردووە و لەکاتی هەستکردنی بەمەترسی، مناڵەکانی دوورخستۆتەوە، بەڵام خۆی خنکاوە.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی سۆران، روونیشیکردەوە، هاوکات کاتژمێر شەشی ئێوارە، گەنجێکی دیکە، بەناوی مەڕوان ساڵح دێوانە، دانیشتووی شارەدێی خەلیفان، لەگەڵ هاوڕێکانی چۆتە دەڤەری بارزان و لەڕووباری چامە، مەلەیان کردووە، بەهۆی نەزانینی مەلە خنکاوە.

مەڕوان سالح دێوانە
مەڕوان ساڵح دێوانە

ئاماژەشیپێکرد، ئەو گەنجە تەمەنی 23 ساڵانە و دوای هێنانە دەرەوەی لەنێو ڕووبار، لەلایەن هاووڵاتیان و کارمەندانی بەرگری شارشتانی شێروان مەزن، تەرمەکەیان گەیاندووەتە نەخۆشخانەی مێرگەسۆر و دوواتریش بۆ پزیشکی دادی سۆران.

ئەو ئەفسەرەی بەرگری شارستانی سۆران، دواین ئاماری خنکانی بۆ کوردستان24 ئاشکرا کردو، ڕایگەیاند، لەدەسپێکی ساڵ، تا ئێستا، لەسنوری قەزاکانی (چۆمان ، سۆران، مێرگەسۆر و ڕواندز) (10) حاڵەتی خنکان تۆمارکراون.

ک.ب