ساڵح موسلیم ستایشی رووسیا دەكات
K24 - ھەولێر
ھاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) ستایشی رۆڵ و سیاسەتی رووسیا دەکات لە سووریا و رایگەیاند، مۆسکۆ روانگەیەکی واقیعانەی ھەیە کە چی لە سووریا روودەدات و دەشزانێت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکات.
ساڵح موسلیم، ھاوسەرۆكی پەیەدە بە ئاژانسی سپۆتنیکی رووسی راگەیاندووە: "رووسیا تێگەیشتنێکی تەواوی لە بارەی سووریا و رووداوەکانی ئەو وڵاتە ھەیە و دەزانێت کە رۆڵی کورد چەند گرنگە لە دۆزینەوەی چارەسەر لە سووریا".
ھەروەھا ھاوسەرۆکی پەیەدە دەڵێ: "ئەوە تەنیا رووسیایە کە بۆچوونێکی روون و ئاشکرای لە بارەی سووریاوە ھەیە".
لەسەرەتایی دەستپێکی دانووستانەکانی جنێڤ بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی درێژخایەن لە سووریا، رووسیا داواکارییەکی بەردەوامی ھەبووە لەوەی کورد بانگھێشتی دانووستانەکان بکرێت و پشتگوێ نەخرێت.