ئاییندەی شار لە روانگەی ژێرخان و براندسازی شار

Kurd24

شارەکان هاوشێوەی مرۆڤەکان رۆژێک لە دایک دەبن و لە درێژەی زەمەندا گەورە دەبن، مرۆڤە ئاساییەکان دەمرن و هیچ ئاسەوارێک لە دوایان نامێنێت، بەڵام مرۆڤە ناودارەکان بەرهەم و هزر و داهێنانیان بەجێدەمێنێت، بەڵام لە شارەکان هەندێک جیاوازیی هەیە، شارە ئاساییەکان فەرامۆش دەکرێن و شارە ناودارەکان هەر بە زیندوویی دەمێننەوە. ئەمڕۆکە پێشبڕکێیەک لە نێوان شارەکان بۆ مانەوەیان هەیە و هەر شارێک هەوڵ بۆ بنیاتنان و پەرەپێدان بە براندی خۆی دەدات. ئەو شارانە سەرکەوتوو دەبن کە وێنەیەکی گونجاو و پەسەند وەک براندێک لە زەینی هاووڵاتیان دەخولقێنن.

ئەمڕۆکە مەبەست لە ژێرخان سیستەمەکان و ئەو چالاکییانەیە کە فۆرمێک دەبەخشنە  کۆمەڵگاکان و ئابووریی مۆدێرن و بە گشتی بۆ پێناسەکردنی هەر سەرچاوەیەکی بەرهەمە گرنگەکانی مرۆڤ، بەکاردێت. لە ساڵی 1996 دا لیژنەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ئەمه‌ریکا بۆ پاراستنی ژێرخانەکان، کۆمەڵە چالاکیی و خزمەتگوزارییەکی دەستنیشان کرد کە بریتین لە: گواستنەوە، بەرهەمهێنان و کۆگاکردنی گاز و نەوت، دابینکردنی ئاو، خزمەتگوزاری فریاکەوتن، خزمەتگوزاری کەرتی گشتی، بانک و وەبەرهێنان، وزەی کارەبا، زانیاری و پەیوەندییەکان. ژێرخانەکان تۆڕێک لە سیستەمەکان و ڕەوتە تایبەتەکانی مرۆڤی بەرهەمهێنەرە کە لە بەرهەمهێنان و دابەشکردنی بەردەوامی کاڵا و خزمەتگوزاری کار دەکات و بەبێ ئەمانە کۆمەڵگای هاوچەرخ، بە تایبەت کۆمەڵگای شار ناتوانیت درێژە بە ژیانی بدات.

لە ساڵی 1927دا لە دوای لافاوی میسیسیپی رۆڵی کاریگەر و چەند رەهەندەی ئەم سیستەمانە لە پەیکەربەندیی شار، کۆمەڵگا، ئابووری و سیاسەتی کۆمەڵگای مۆدێرن کەوتە بەرسەرنجی هەمووان. رۆبێرت ستیڤێنسۆن  لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا پێشانی دەدات کە چۆن ژێرخانەکانی شار وەکو رێگای شەمەندەفەر، کەناڵەکانی ئاو و جادەکان بە پێچەوانەی رواڵەتە وشک و تەکنۆکراتەکانیانەوە، پاڵنەرێک دەبن بۆ چالاکی و رەفتاری کۆمەڵایەتی و دروستبوونی یادەوەری تاکەکەسی و هاوبەش، هەستە رۆمانتیکەکان و جوانناسی خەڵک.

روانگەی ئێکۆلۆژیکی یارمەتیدەرێک بوو بۆ درککردن بە کاریگەرییە درێژمەوداکانی پێشەسازی. پرۆسەکانی ناوخۆیی و دەرەکی سیستەمەکان وەکو گردبوونەوەی ئاوەڕۆکان، کەمبوونەوەی ئاو و لافاوە وەرزییەکان ئیتر وەک رووداوێکی رەها نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لە ئێکۆلۆژی گەورە و یەکپارچە کە پەیوەندییەکی زۆری لەگەڵ شارسازیدا هەیە. کۆمەڵە کەسێک وەک پاتریک گێدس، لۆئیز مامفۆرد و یان مەک هارگ ئاماژەیان بە لایەنە خراپەکانی گەشەی شاری مۆدێرنەکانیان کرد. لە سەدەی بیست و یەکدا ژێرخانەکانی نەوەی نوێ Cyber infrastructure کە بریتیە لە: ژێرخانەکانی زانیاری، تۆڕی ئەنتەرنێت، GPS، مۆبایل کە بە خێرایی خەریکە گۆڕانکاریی گەورە لە کۆمەڵگادا دروست دەکەن. گەشەی مێژوویی ژێرخانەکانی شارسازی مۆدێرن لە ڕووی ژێرخان و کات و شوێنی سەرهەڵدانی بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

* تۆڕەکان و کەناڵەکانی ئاو لە ساڵانی 1600 - 1700 لە فەڕەنسا

* ڕێگای شەمەندەفەر 1800 - 1830 لە بریتانیا

* سیستەمەکانی ئاوەرۆ 1800 – 18700 لە فەڕەنسا

* رێگای گواستنەوەی ئەلەکتریسیتە، تەلەفۆن و تەلەگراف 1870 – 1890 ئەمریکا

* ژێرخانی سایبری 1990 – 2000 ئەمریکا

لە سەردەمی پاش پیشەسازیدا کۆمەڵێک گرفت و مەترسی ئێکۆلۆژیکی بە هۆی گەشەی رادەبەدەری شارسازی مۆدێرن روویدا کە بووە هۆی سەرهەڵدانی بیرۆکەی نوێ. یەکێک لە یەکەمین پیشنیازەکان پێشکەشکردنی بیرۆکەی ژێرخانی سەوز لە لایەن مارک بەندێکت و ئەدوارد مەک ماهون بوو. ئەم دوو کەسە جەخت لە جیاکردنەوە ژێرخانە سرووشتییەکان لە ژێرخانە دەستکردەکان دەکەن، ئەوان زاراوەی نوێی ژێرخانی سەوز  لە بەرامبەر ژێرخانی خۆڵەمێشی (جادەکان، هێڵی شەمەندەفەر، سیستەمەکانی ئاوەڕۆ...) و ژێرخانەکانی کۆمەڵایەتی (نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان، بەندیخانەکان و ...)، کە زۆربەیان ژێرخانی دەستکردن پێشکەشکردووە. لە روانگەی ئەم دوو بیرمەندە، ژێرخان تەنها تۆڕێکی مۆدێرن و تەکنۆلۆژیک نییە بەڵکو کۆمەڵەیەکی پەیوەست بەیەکە لە سەوزاییەکان، ئاو و ئاوەڕۆکان، باخەکان، دارستانەکان، کۆریدۆرە سەوزەکان، دارەکانی سەر جادە و دەوروبەری شار کە بەرژەوەندی کۆمەڵایەتی، ئابووری و ژینگەیی دەستەبەر دەکات.

لەهەمان کاتدا هیلاری براون  لە ساڵی 2010دا لە توێژینەوەیەک بە ناوی “بنەماکانی ئێکۆلۆژیکی نەوەی ئایندەی ژێرخانەکان” رەخنە لە تاکڕەهەندی بوون، ئەستەم بوون و لە یەک ترازانی فیزیکی و یاسایی تۆڕەکانی ژێرخانی مۆدێرنی شارەکان دەگرێت. ئەو ئاماژە بە گەڕانەوەی پەیوەندی سیمبۆلیکی و ئێکۆلۆژیکی، ئێکۆسیستەمەکانی سروشتی و سوود وەرگرتن لە ئەزموون و رۆڵی چەند کارکردنی ژێرخانەکانی بەر لە پیشەسازی و شارستانییەتە کۆنەکان دەکات کە دەتوانن ڕێگاچارەمان پێ پێشان بدەن.

یەکێک لە تازەترین ژێرخانەکانی شار، ژێرخانی سایبرییە، ژێرخانێک کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گرنگتر و پڕ بەهاتر دەبێت، ژێرخانێک کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری لە سەر تەواوی ژێرخانەکانی شار و وڵاتی هەیە، ژێرخانی فەزای سایبری  بۆ یەکەمین جار لە لایەن ویلیام گیبسۆن ، نووسەری چیرۆکەکانی زانستی خەیاڵی لە کتێبی نۆرۆمەنسێر  لە ساڵی ١٩٨٤دا بەکار هاتووە. کاریگەرییەکانی بۆشایی گریمانەیی  لە کۆمەڵگاکان وەک ژیانی دووەم  ئاماژەی پێدەکرێت ئەنتەرنێت دۆخێکی ڕەخساندووە کە ژیانێکی دووەمی بۆ هەر تاکێکی ناو کۆمەڵگاکاندا بەدی هێناوە. لە بەرنامەیەکی ئایندەڕوانی دا هەر کۆمەڵگایەک دەتوانێت لە ئایندە دا لە پێشبەرکێی ڕکابەریەکانی شار و وڵاتان سەرکەوتووتر بێت. تەکنۆلۆژی زانیاری و پەیوەندییەکان بڕبڕەی فەزای سایبرییە.

بابەتێک کە لە براندسازی شار گرنگە ئەمەیە کە چۆن فەرهەنگ، مێژوو، گەشەی ئابووری و گەشەی کۆمەڵایەتی، ژینگە و دیمەنەکان، ژێرخان و بیناسازی لەگەڵ یەکتردا کۆدەبێتەوە و لە چاوی خەڵک پەسەند بێت. لە براندسازی شار دەبێت بیر لەوە بکەینەوە کە بزانین دۆخی شارەکەمان بۆ براندسازی چۆنە؟ ئایا توانای پێویست بۆ ئامادەکردنی براندێکی شار بوونی هەیە؟ ژێرخانەکان ئامادەن؟ و چەندین پرسیاری دیکە. شارێک بە بێ براند وەک کەسێکی بێ ناسنامە و بی بڕوانامەیە. پاریس، فرانکفۆرت، نیۆیۆرک، تۆکیۆ، مۆسکۆ، بەرلین، مادرید، بارسێلۆنا و دەیان شاری دیکەی جیهان کە خاوەن براندی تایبەت بە خۆیانن.

بەرپرسانی شار دەبێت ویست و پێویستییەکانی ئێستا و ئایندەی شار لەبەرچاو بگرن و دابینی بکەن. ئەم کارانە و هەوڵانە دەبێت لە سەر بنەمای بەرزکردنەوەی ئاستی کوالێتی ژیانی هاووڵاتیان بێت. هەڵسەنگاندن و شیکاری ڕەزاەمدنی دانیشتوانی شار لە بارەی ژیان و گوزەرانی ژیانیان دەبێتە پێوەری کرداری بنەڕەتی بەرپرسانی شار.

ئیان یاومەن  ئایندەناسی بواری گەشتیاری لە کتێبەکەی خۆیدا بە ناوی گەشتیار لە ساڵی ٢٠٥٠دا ئاماژە بە چەندین هۆکاری گۆڕانکاریکەری بنەڕەتی دەکات وەک: تەکنۆلۆژی، خۆراک، گۆڕانکاری کەش و هەوا، گواستنەوە (بۆ نمونە لێخوڕینی ئۆتۆمبیل بەبێ شۆفێر)، بواری ئابووری و ڕکابەرییەکان.

شارەکان هەمیشە ناوەندی گۆڕانکاری بوونە. ئەمڕۆکە شارنشینی بووەتە دیاردەیەکی جیهانی: لە ساڵی ١٩٢٥دا تەنها ٢٥ لە سەدی جیهان شارنشین بوو، بەڵام پێشبینی دەکرێت هەتا ساڵی ٢٠٢٥ ئەم ڕێژەیە بۆ ٧٥ لە سەد بەرزببێتەوە. لە تەواوی بوارەکانی شیکاری ئابووری، ژینگەیی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و بارزگانانی کۆمەڵێک گروپی زۆر گرنگ هەبن کە دەبێت ڕەچاو بکرێن.

زۆر لە بیرمەندانی بواری براندسازی وەک ئانهۆڵت، کلارک، دینی، تێمپۆراڵ و چەندین کەسی دیکە لە سەر گرنگی بەهای دروستکردنی براندێکی پۆزۆتیڤانە بۆ نەتەوەیەک و وڵاتێک و شارەکان جەخت دەکەنەوە و دەرەنجامەکانیشی بەم جۆرەیە باس دەکەن:

* ڕاکێشانی سەرمایەی ناوخۆیی

* ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی

* متمانە و باوەرپێکراوی لە لایەن وەبەرهێنەرەکانەوە

* بەرزکردنەوەی کاریگەری سیاسی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات

* هاوبەشی جیهانی باشتر و داهێنەرانەتر لەگەڵ شارەکانی دیکە، دامەزراوەکانی زانکۆیی و توێژینەوەی گشتی و تایبەتی و ڕێکخراوەکانی کەرتی تایبەت

* کاریگەری "شاری شوێنی بەرهەمهێنان" لە سەر بەرهەمەکان و خزمەتەکان

* شانازی هاوڵاتییبوون، توانای تەرکیز و هەماهەنگی، متمانە و بیرکردنەوەی خۆماڵی

بۆ بنیاتنانی ژێرخانی شار و ئامادەکردنی براندی شار دەبێت یەک هەڵوێست بین، بەرژەوەندییەکانی ئایندە دەبێت لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت. لە دوای ڕێککەوتن لە سەر براندی شار دەبێت دەست بە پیادەسازی بەرنامەی براندی شار بکەین. نابێت ئەم بابەتە فەرامۆش بکەینەوە کە ئایندە، ڕواڵەتی هەموو شارەکان دەگۆڕێت، گۆڕانکارییەکان خێراتر و خێراتر دەبن، ڕکابەرییەکان زیادتر دەبن، کۆمەڵێک شاری تازە پێگەیشتوو سەرهەڵدەدەن و هاوسەنگییەکانی تێک دەدەن، پێشبینییەکان وا دەڵێن کە لەم سەدەیەدا کۆمەڵێک شاری گەورە دروست دەبن، ئیتر تۆکیۆ و ئەستەنبۆڵ و نیۆیۆرک لە شارە گەورەکانی جیهان نابن، بەڵکو چەندین شار لە هیندستان و کیشوەری ئەفریقا دەبنە گەورە شاری جیهان، بە پێی پێشبینییەکانی ئینیستیوتی جیهانی شار ، شاری بەغدا لە ساڵی 2100دا رێژەی دانیشتوانی دەگاتە سەروو 34 ملیۆن کەس و پلەی بیستەمی جیهان دەبێت، نیویۆرک لە پلەی بیست و یەکەم دەبێت. کەواتە چۆن دەتوانین ژێرخانەکانی شار و براندی شارمان بە پێی گۆڕانگارییەکانی ئاییندە بێت؟ چۆن دەتوانین خۆمان ئامادە بکەین؟ ئەم گۆڕانکارییانە لە چ ئاستێکدا دەبن؟ و کۆمەڵە پرسیارێکی دیکە کە دەتوانین بە سوود وەرگرتن لە زانستی ئاییندەتوێژی بەدوای وەڵامەکانیان بگەڕێیت.

شارەکانی کوردستان پێویستیان بە ئامادەکردنی ژێرخانەکانە و بۆ ناساندنی شارەکانیش پێویستی بە براندسازی شارە، کە بە دڵنیاییەوە بە بێ ئاگاداری لە گۆڕانکارییە خێراکانی ئاییندە ناتوانین لە بەرنامەکانمان دڵنیا بین. کەواتە پێویستە لە کاتی ئامادەکردنی بەرنامەی براندی شار بە بەردەوامی چاومان لە ئاییندەناسی بێت.

 

* کامەران حەسەن، دکتۆرای پیشەیی بەڕێوەبردنی کار