لایەنە شیعەکان چاودێری رێککەوتنەکەی عێراق و ئەمەریکا دەکەن

پێویستە خشتەیەکی دیاریکراوی روون ھەبێت کاتی کشانەوەی ھێزەکانی تێدا دیاری کرابێت
حەشدی شەعبی
حەشدی شەعبی

K24 - هه‌ولێر:

لایەنە شیعەکان داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن، بە وردی رێکەوتنە نوێکەی ئەمەریکا و عێراق، بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە و تا کۆتایی ئەمساڵ تەواوی ھێزەکانیان، لە عێراق بکشێننەوە.

پەرلەمانتارەکانی حەشدی شەعبی، رایانگەیاندووە، ئەمەریکا جێی متمانە نیە، بۆیە تا دوا سەربازیان لە خاکی عێراقدا بمێنن، ھێرشەکان، بۆ سەر بنکە و بەرژەوەندیەکانیان بەردەوام دەبێت.

ئەحمەد ئەسەدی، سەرۆکی کوتلەی سەنەدی وەتەنی، بە کوردستان ٢٤ی راگەیاند: لیژنەیەکی پەرلەمانی دروستکراوە، بۆ چاودێریکردنی خشتەی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێرق.

ھێز و لایەنە شیعەکان، لە چاوەڕوانی ئەوەدان، کە لە کۆتایی ئەمساڵ، تەواوی ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، بکشێنەوە، ئەم چاوەڕوانیە، لە دوای ریکەوتنەکەی نێوان کازمی و بایدن دێت، کە لە واشتنۆن ئیمزایان لەسەری کرد، بەڵام ھێشتا پەرلەمانتارەکانی حەشدی شەعبی، بڕوایان بەو رێکەوتنە نیە، ئاماژەیانپێکرد، ئەمەریکا جێی متمانە نیە، بۆیە داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن، رێکەوتنەکە بە وردی بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، ھەموو ئەو راوێژکار و راھێنەرە سەربازیانەش کە بڕیارە بمێننەوە، دەبێت ژمارە و ناسنامەیان روون و ناسراوبن.

محەمەد بەلداو، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی فەتح، جەختیکردەوە، پێویستە خشتەیەکی دیاریکراوی روون ھەبێت، کاتی کشانەوەی ھێزەکانی، تێدا دیاری کرابێت، ئەگەر خۆمان پێویستمان بە راوێژکار و راھێنەری سەربازی بیانی ھەبوو لە ناو عێراق، ئەو کاتە دەبێت کەسانی ناسراو بە ناو وڵاتەکەیەوە بانگھێشت بکرێن و ئەرکەکانیشی بزانرێت و دواتریش شوینی ئەرکەکەی، حکومەتی عێراق، بۆی دەستنیشان بکات.

حەسەن سالم، پەرلەمانتاری سادقون، ئاماژەیپێکرد، بە راستی متمانە بە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ناکرێت، ھەر وەک چۆن ئیمام خومەینی دەڵێت: ئەمەریکیەکان ھیچ کاتێک جێگای بڕوامان نەبوونە و ناشبن، بۆیە دەبێت حکومەت قسەیەکی روونی لە سەر ئەو پرسە ھەبێت و خاوەنی ئیرادەی بەھێزبێت، ئەم ھێزە دەبێت دەربکرێت لە عێراق چونکە ئەوان داگیرکەرن.

سەرۆکی کوتلەی سەنەدی وەتەنیش گوتی: جگە لە کشانەوەیان، ھیچ رێگایەکی تر لە بەردەم ھێزەکانی ئەمەریکا نیە، لیژنەیەکی پەرلەمانیش دروستکراوە، بۆ چاودێری خشتەی کشانەوەی سەربازە ئەمەریکیەکان.

ئەحمەد ئەسەدی سەرۆکی  سەنەدی وەتەنی، ئاماژەشیپێکرد، ئەم پرسە ھیچ قسەیەکی دیکە ھەڵناگرێت، بڕیارمان روونە، ئێمە سەرەوەیمان دەوێت، بڕیاری کشانەوەی سەرجەم ھێزە بیانیەکان، بە تایبەت کشانەوەی ھێزەکان ئەمەریکا، کە لە واشنتۆن، رێکەوتنی ستراتیژی لە سەر کرا، ئەمە بڕیاری پەرلەمانی عێراقە، ئێمە بە وردی چاودێری دەکەین و لیژنەیەکی پەرلەمانیمان بۆ دروستکردووە.

جێن ساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی، ئەوەی رەتکردووەتەوە، کە ئەمەریکا ھێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە، بەڵکو ئەو رێکەوتنە گۆڕانکارییە لە ئەرکدا، ئەمەریکیەکان تەنیا جەنگاوەرکانیان دەکشێننەوە، بەڵام بەردەوام دەبن لە یارمەتیدانی عێراق  بۆ لەناوبردنی داعش، لە ریگای مەشق و راھێنانی سەربازی.

ھێزەکانی ئەمەریکا، بە ٢٥٠٠ سەرباز، مەزەندە دەکرێن و تاکو ئێستاش روون نیە، چەند لەو سەربازانە لە عێراق دەمێننەوە لە دوای رێکەوتنە نوێکەی عێراق و ئەمەریکا.

ک.ب