مەسرور بارزانی: جینۆسایدی ئێزدیيان لە ویژدانی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یادی 7مین ساڵیادی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال پەیامێکی بڵاوکردەوە
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یادی 7مین ساڵیادی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "جینۆسایدی ئێزدیيان، تاوانێكی ئەوەندە دڕندانەیە کە هەمیشە لە ویژدانی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە، بۆیە پێویستە بەردەوام بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییە بکەینەوە".

لە پەیەمەکەی سەرۆکی حکومەت هاتووە: "رابەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەینەوە. لەم یادە خەمناكەدا، دووپاتی دەكەینەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی سەربەرزانەی خوشک و برا ئێزدییە ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان و کارکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەڤەرەکانی دیکەی خوشک و برا ئێزدییەکان".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو پەیامەدا راشیگەیاندووە: "جەخت لە گرنگی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال دەکەینەوە بۆ زەمینەخۆشکردن بۆ ئەوەی ئاوارەكان بە شێوەیەکی سەربەرزانە، بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و دەڤەرەکەش ئاوەدان بکرێتەوە. لە هەمانکاتدا هەوڵەكانیشمان زیاتر چڕ دەكەینەوە بۆ دادگاییكردنی تاوانبارانی داعش  و هاوكارەکانیان و ئاشكراكردنی چارەنووسی تەواوی بێسەروشوێنكراوان".

دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یادی 7مین ساڵیادی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال:...

ئەمڕۆ حەفتەمین ساڵیادی هێرشی دڕندانەی تیرۆریستانی داعشە بۆ سەر خوشک وبرایانی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری، كە بەوهۆیەوە هەزاران كەس لە دانیشتووانی ئەو دەڤەرە، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن و ئاوارە كران.

جینۆسایدی ئێزدیيان، تاوانێكی ئەوەندە دڕندانەیە کە هەمیشە لە ویژدانی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە، بۆیە پێویستە بەردەوام بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییە بکەینەوە. هەروەها بە پێزانینێکی زۆرەوە یادی قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رزگارکردنی شنگال بە رابەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەینەوە .

لەم یادە خەمناكەدا، دووپاتی دەكەینەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی سەربەرزانەی خوشک و برا ئێزدییە ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان و کارکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەڤەرەکانی دیکەی خوشک و برا ئێزدییەکان.  

هەروەها جەخت لە گرنگی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال دەکەینەوە بۆ زەمینەخۆشکردن بۆ ئەوەی ئاوارەكان بە شێوەیەکی سەربەرزانە، بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و دەڤەرەکەش ئاوەدان بکرێتەوە. لە هەمانکاتدا هەوڵەكانیشمان زیاتر چڕ دەكەینەوە بۆ دادگاییكردنی تاوانبارانی داعش  و هاوكارەکانیان و ئاشكراكردنی چارەنووسی تەواوی بێسەروشوێنكراوان .

سەری رێز و نەوازش بۆ شەهید و قوربانییانی کۆمەڵکوژی شنگال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان