یەدەگی زێڕی وڵاتان 35 هەزار تۆنی تێپەڕاندووە

عێراق لە پلەی پێنجەمی وڵاتانی عەرەب و 39یەمینی جیهانە
زێڕ
زێڕ

K24 - هەولێر

ئەنجومەنی زێڕی جیهانی ئاشكرای كردووە، یەدەگی زێڕی وڵاتانی جیهان 35 هەزار تۆنی تێپەڕاندووە، بەپێی ریزبەندییەكەش عێراق لە پلەی 39یەمین دایە لە بوونی یەدەگ.

ئەنجومەنی زێڕی جیهانی لە راپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە، 98 دەوڵەتی جیهان كە 16 یان عەرەبین، خاوەنی 35 هەزار و 544.3 تۆن یەدەگی زێڕن كە هەزار و 385 تۆنیان لە وڵاتانی عەرەبین.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، كۆی گشتی یەدەگی زێڕی وڵاتانی عەرەبی 3.89%ەو سعودیە لە سەرووی ریزبەندی وڵاتانی عەرەبییە و خاوەنی 323.1 تۆنە و بەدوایدا لوبنان، جەزائیر و لیبیا دێن، هەروەها عێراق بە بوونی 96.3 تۆن یەدەگی زێڕ لە پلەی پێنجەمی وڵاتانی عەرەب و 39یەمینی جیهاندا دەبیندرێت.

هەرچی لەسەر ئاستی جیهانە بەپێی راپۆرتەكە، ئەمەریكا پلەی یەكەمی گرتووە و خاوەنی 8 هەزار و 133.5 تۆن زێڕە و دوای ئەویش ئەڵمانیا بە زیاتر لە 3 هەزار و 359 تۆن و فەرەنسا بە زیاتر لە 2 هەزار و 436 تۆن دێت، بەدوای ئەوانیشدا رووسیا و چین دێن.