بۆردومانى سووريا و رووسيا حه‌له‌بى كردووه‌ته‌ وێرانه‌

بەردەوامیی ھێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی رووسیا و سووریا بووەتە ھۆی وێرانبوونی كەرتی تەندروستی لە شاری حەلەب و وەك پزیشكان باسی دەكەن ئێستا ئەو كەرتە لە بارودۆخێكی زۆر خراپدایە.
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/07034ee4-37f5-4399-a33d-f7c71bc6a6c5/halab%20naxoshxana.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

بەردەوامیی ھێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی رووسیا و سووریا بووەتە ھۆی وێرانبوونی كەرتی تەندروستی لە شاری حەلەب و وەك پزیشكان باسی دەكەن ئێستا ئەو كەرتە لە بارودۆخێكی زۆر خراپدایە.

ئەگەرچی چەندینجار ھەوڵی راگرتنی شەڕ دراوە لە پارێزگای حەلەب، بەڵام فڕۆكەكانی ھێزەكانی سوریا و رووسیا بەردەوامن لە بە ئامانجگرتنی ئەو شارە بەو ھۆیەشەوە زیانێكی زۆر بەر ژێرخانی ئەو شارە كەوتووە، ئێستا حەلەب لە شارێكی وێرانكراو زیاتر ھیچیدیكەی پێناگوترێ، دۆخەكه‌ ئێستای شارەكە بەجۆرێكە كە نەخۆشخانەكانی ئەو شارە بەدەست كەمی پێداویستی پزیشكی بەئامنجگرتنیان لەلایەن ئەو فڕۆكانەوە دەناڵێنن.

پزيشكێك له‌و باره‌يه‌وه‌ گوتى: ھەر لە بنەڕەتەوە كێشەی كەمی كارمەندی تەندرووستیمان ھەبوو بەتایبەتی ئەم ھێرشەی دوایی رژێم بوو بەھۆی لەدەستدانی چەندین كارمەند برینداربوون و كوژرانی چەندینیان لە ھێرشەكەی نەخۆشخانەی قودس ئەمەش وایكرد پاڵەپەستۆی زیاتر بكەوێتە سەر ئێمە.

ئێستا لە حەلەب چەند نەخۆشخانەیەكی كەم ماونەتەوە بەو ھۆیەشەوە ئەو نەخۆشخانانە لەگەڵ كەمی تواناكانیان ناچار دەبن چارەسەری پزیشكی وا ئەنجام بدەن كە بۆ نەخۆشەكە مەترسیدار بێت.

ئه‌و پزيشكه‌ گوتيشى: ئێستا پێویستی زۆرمان بە چاككردنەوە و درووستكردنی نەخۆشخانەی نوێ ھەیە بۆ ئەوەی خزمەت بە ھاووڵاتیان بكات لە شاری حەلەب پێویستە پێداویستی پزیشكیشمان بۆ دابین بكرێت.

شاری حەلەب ماوەی 4 ساڵە لەلایەن ھێزەكانی ئەسەد و رووسیاوە بۆمباباران دەكرێت و زۆر جاریش ئەو بۆمبارانە ناوچە سڤیل نشینەكان دەكاتە ئامانج كە دواترینیان لە 27 ی مانگی نیسان بوو كە بووە ھۆكاری كوژرنی 30 پزیشك.