لە سلێمانی کەرنەڤاڵێک بۆ ڕۆژی جیهانی کتێب ڕێک خرا

سێیەمین کەرنەڤاڵی ڕۆژی جیهانی کتێب - سلێمانی
سێیەمین کەرنەڤاڵی ڕۆژی جیهانی کتێب - سلێمانی

K24 – سلێمانی

لە ڕۆژی جیهانی كتێبدا، چەند ناوەندێكی سلێمانی كەرنەڤاڵێكیان بۆ خوێنەران و ئاشقانی كتێب رێک خست، بەو مەبەستەی خوێنەران و خولیایانی خوێندنەوە بتوانن ئاڵوگۆڕی کتێبەکانیان بکەن و سوود لە خوێندنەوەی کتێبەکانی یەکتری وەربگرن.

خواست و خولیایی زۆری گەنجان و ئەو خوێنەرانەی تەمەنێك كتێبیان كردووەتە هاودەم و هاوڕێ،‌ دەرخەری ئەوەن كە كورد وەكو میللەتێك  گەنجینەیەكی ئەدەبیی گەورەی هەیە و نەوەكانیشی گەواهیدەری ئەوە بوون ...

ژووان، لە ڕۆژی جیهانی كتێب دەیەوێت بەشێك لە كتێبەكانی بەو كەسانە ببەخشێت كە تازە دەستیان بەخوێندنەوە كردووە، تاكو سوود لەو ڕێگەیە ببینن كە ئەو بە كتێبەكانی ڕووناكی كردوونەتەوە .

ژووان باقی، بۆ کوردستان24 گوتی "پرۆژەی کتێبێک بێنە و کتێبێک ببە پرۆژەیەکی ناوازەیە، سوودێکی زۆری هەیە بە تایبەت بۆ ئەوانەی خوێنەرن، بۆیە پێویست ناکات کتێبخانەکانمان بەو کتێبانە قەرەباڵغ بکەین کە خوێندوومانتەوە و سوودمان لە زانیارییەکانی وەرگرتووە، بۆیە دەکرێت بە خوێنەرانی دیکەی ببەخشین تا وەکوو ئەوانیش ئێمەئاسا سوودی لێ وەرگرن، هەربۆیە ئەو ئاڵوگۆڕە لە نێوان خوێنەرەکان زۆر گرنگە".

بەشێك لە ناوەندەكانی چاپ و بڵاوكراوەكان لە ڕۆژی جیهانی كتێبدا كەرناڤاڵێكیان بە بەخشینی كتێبەكانیان ساز کرد كە خوێنەران بەبێ‌ بەرامبەر تێدا دەتوانن ئەو كتێبانەیان دەست بكەوێت كە خوازیاری خوێندنەوەیانن، هاوكات بەشێك لە گەنجان و خوێنەرانیش بە بەخشینەوەی زۆرێك لەو كتێبانەی خوێندوویانەتەوە بەشداری كەرنەڤاڵەكەیان كردبوو.

ئەمیرە عومەر، ڕێكخەری فێستیڤاڵی بەخشينى كتێب بۆ کوردستان24 دەڵێ "ئامانجمان لەو لەم کەرنەڤاڵە ئاشتکردنەوەی خوێنەرە لەگەڵ کتێب، چونکە گەنجەکان لەم سەردەمەدا بەهۆی زیاتر سەرقاڵ بوون بە تۆڕە کۆمەڵاتییەکانەوە لە خوێندنەوە دوور کەوتوونەتەوە، هاوکات بۆ ئەو قوتابیانەی پێویستیە زانیاریی و نووسینەوەی نامەی ماستەر هەیە لێرەوە بتوانن سەرچاوەکانیان دەست بکەوێت".

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی کتێبەوە لە سەرای سلێمانی سێیەمین کەرنەڤاڵی کتێب لە ژێر دروشمی (کتێبێک بێنە و کتێبێک ببە) ڕێکخراوە و بەشێکی زۆر لە ناوەندەکانی چاپ و کتێب فرۆشەکان بەشداربوون، بەشێکیش لە هاووڵاتییان بەو کتێبانەی پێشتر خوێندوویانەتەوە بەشدارن بۆ ئەوەی کتێبەکانیان لە کتێبی دیکە ئاڵوگۆڕ بکەن کە تاوەکوو ئێستا نەیان خوێندووەتەوە.