ئه‌فغانستان هه‌رێمێكی دیكه‌شی له‌ده‌ستدا
K24 - هه‌ولێر:
بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، (8ی ئاب/ ئۆگه‌ستی 2021) رایگه‌یاند، توانیویانه شاری "قه‌ندوز" كۆنترۆڵ بكه‌ن، دوای پێكدادانێكی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی حكومه‌تی ئه‌فغانستان.
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه هێزه‌كانی ئه‌فغانستان رووبه‌ڕووی چه‌كدارانی تاڵیبان ده‌بنه‌وه، دواجار تاڵیبان شاری "قه‌ندوز"، كه پایته‌ختی هه‌رێمه‌كه‌شه، كرۆنترۆڵ كرد.
ئه‌مرودین والی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمی قه‌ندوز به ئاژانسی "فرانس پرێس"ی راگه‌یاند، "شه‌ڕێكی سه‌خت له شه‌قام و شوێنه جیاوازه‌كانی شاره‌كه‌دا رووده‌دات".
دوێنێ شه‌ممه، به‌رپرسێكی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان ئاماژه‌ی به‌وه كرد، توانیویانه شاری "شیبه‌رغان"ی هه‌رێمی جوزجان له باكووری ئه‌فغانستان كۆنترۆڵ بكه‌ن.
قادر مالیا، جێگری شاره‌داری جوزجان گوتی: "هێزه‌كانی حكومه‌ت و به‌رپرسان پاشه‌كشه‌یان كردووه به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه و له ماوه‌ی 24 كاتژمێردا دووه‌م هه‌رێم پایته‌خته‌كه‌یان له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانه‌وه كۆنترۆڵ كراوه".
رۆژی هه‌ینیش بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان ده‌ستی به‌سه‌ر شاری "زارانجی"ی پایته‌ختی هه‌رێمی "نیمروز"ی باشووری رۆژئاوای ئه‌فغانستاندا گرت، كه ئه‌مه یه‌كه‌م هه‌رێم بووه، دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان كۆنترۆڵی بكات، تا ئێستا 90%ی خاكی ئه‌فغانستان له‌ژێرده‌سه‌ڵاتی تاڵبیانه.
بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان به‌نیازی كۆنتۆڕكردنی زۆربه‌ی پایته‌خته‌كانی ئه‌فغانستانه، به كابولی پایته‌ختیشه‌وه، به‌هۆی مه‌ترسی له‌ده‌ستدانی كابولیش، به‌ریتانیا داوای له هاووڵاتییه‌كانی كردووه، به‌په‌له خاكی ئه‌فغانستان به‌جێبهێڵن.
هه‌رچه‌نده وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، فڕۆكه‌كانیان بۆردومانی پێگه چه‌كدارییه‌كانی تاڵیبانی له شاری "شیبرغان"ی باكووری ئه‌فغانستان كرد، تا ئه‌و هێزانه ده‌ربكات، به‌ڵام پێشڕه‌وییه‌كانی تاڵیبان زیادی كردووه و حكومه‌تی ئه‌فغانستان زۆربه‌ی شوێنه گرنگه‌كانی له‌ده‌ستداوه.
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كان، بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان دوای شه‌ڕێكی قورس، "قه‌ندوز" و "له‌شكرغا"ی كۆنترۆڵ كردووه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش به‌ندیخانه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و هه‌رێمه‌ی كۆنترۆڵ كردووه و سه‌رجه‌م زیندانییه‌كانی ئازاد كردووه.
سوپای ئه‌فغانستان رایگه‌یاند، كه ده‌یان چه‌كداری تاڵیبان كوژراون، كه چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی دیاری بزووتنه‌وه‌كه‌ی تێدایه، به‌ڵام تاڵیبان ئه‌وه ره‌تده‌كاته‌وه.
تاڵیبان هه‌فته‌ی رابردووی ئاشكرای كرد، "ئه‌شره‌ف غه‌نی" گوته‌بێژی حكومه‌تیان له كابولی پایته‌خت كوشتووه، هێرشیشیان كردووه‌ته‌سه‌ر ماڵی وه‌زیری به‌رگری ئه‌فغانستان به وه‌كاله‌ت.
ماوه‌یه‌كه چه‌ندین ده‌روازی سنووری له‌گه‌ڵ وڵاته درواسێیه‌كان له‌لایه‌ن تاڵیبانه‌وه كۆنترۆڵ كراوه، به‌و هۆیه‌شه‌وه تاڵیبان ده‌روازی سنووری به رووی پاكستان‌دا داخستووه، كه ده‌یان هاووڵاتی ئه‌فغانی له سنووری پاكستان گیریان خواردووه و ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه وڵاته‌كه‌یان.
دوای كشانه‌وه‌ی خێرای هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان، بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان به خێرایی به‌شێكی خاكی وڵاته‌كه‌ی كۆنترۆڵ كردووه، ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی له شوێنه‌كانی خۆیان ئاواره بوون، چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك پێش ئێستا واشنتن بڕیاریدا هه‌زاران هاوكارانی وڵاته‌كه‌ی له ئه‌فغانستان بباته ئه‌مه‌ریكا.
چه‌ند كاتژێرێك به‌ر له‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان بكشێنه‌وه، تاڵیبان شاری "زرنج"ی پایته‌ختی "نیمروز"ی كۆنترۆڵ كرد، كه به ناوه‌ندی سه‌ره‌كی بازرگانی داده‌نرێت و نزیكی سنووری ئێرانه.
دوای كۆنترۆڵكردنی ئه‌و ناوچانه، فشارێكی زۆر له‌سه‌ر پایته‌ختی هه‌رێمه‌كان و شاره‌كانی "هیرات" و "قه‌نده‌هار" و "هه‌لمه‌ند" هه‌یه و حكومه‌تی ئه‌فغانی هه‌راسان كردووه.
د.ی