لەبارەی خواردنی لیمۆ و پرتەقاڵ هۆشداری دەدرێتە تووشبووانی کۆرۆنا

تووشبووانى کۆرۆنا بە زۆر خواردنى لیمۆ و پرتەقاڵ خراپتر دەبن!
پرتەقاڵ و لیمۆ
پرتەقاڵ و لیمۆ

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی، هۆشداری دەداتە ئەو تووشبووانەی کۆرۆنا کە زۆر پرتەقاڵ و لیمۆ دەخۆن و ئەگەری ئەوە هەیە تووشی شەکرە بن.

لە بڵاوکراوەیەکدا بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی چەند رێنماییەکی بۆ تووشبووانی کۆرۆنا و خواردنی میوەکان خستووەتەڕوو، ئاماژەی بەوە کردووە "گرینگترین چەکى دەستى مرۆڤ بۆ رووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنى ئەو میکرۆبانەى دەچنە ناو لەشى، کۆئەندامى بەرگرییە. ئەویش لە چەندان ئەندام و خانە و پێکهاتەى دیکە پێکدێت، کە خۆراک رۆڵى گرینگى هەیە لە دروست بوون و باش کارکردنیان. گرینگترین ئەو خۆراکانەى ئەو رۆڵەیان هەیە، دواى پڕۆتین، بریتین لە ڤیتامین و کانزاکان، کە پڕترین سەرچاوەى ئەمانەش بریتییە لە میوەکان، بۆیە ئەوەى بایی پێویست میوە نەخوات، ناتوانێت ببێتە خاوەن بەرگرییەکى بەهێز".

باسی لەوەشکردووە: "ڤیتامین C یەکێکە لەوانەى بۆ بەرگریی جەستە پێویستن، بۆیە ئەو میوانەى کە دەوڵەمەندن بەو ڤیتامینە، بەتایبەت مزرەمەنییەکانى وەک لیمۆ، پرتەقاڵ ...هتد سوودیان هەیە بۆ بەرگرى و تەندروستى. لەو روانگەیەوەیە هەندێک کەس رێنماییی ئەوە دەدەنە تووشبووانى کۆرۆنا "تا پێتان دەکرێت لیمۆ و پرتەقاڵ بخۆن"، بۆیە جارى وا هەبووە نەخۆش وتوویەتى "رۆژانە کیلۆیەکیان لێ دەخۆم"! جا ئایا ئەمە راستە و بەڕاستى سوودى هەیە یان زیان؟ ئەو دژەتەن و خانانەى کە کاریان ڕووبەڕووبوونەوەى میکرۆبەکانە، بە چەند سەعات یان بە چەند رۆژێکى کەم دروست نابن، بۆیە ئەوە نییە ئەمڕۆ دەستت بە زۆر خواردنى میوە کرد، ئیتر هەر ئەمڕۆ یان سبەى بەرگریت بە تەواوی بەرز ببێت! نەخۆشییەکى وەک کۆرۆنا ئەوەندە زۆر ناخایەنێت، وەک نەخۆشییەکى درێژخایەنى وەک (سیل) نییە بە مانگ بخایەنێت، تا بڵێی ئەو زۆر میوە خواردنە بەرگرییەکى واى لە دژ دروست بکات. لە بەرانبەردا، میوە شەکرى تێدایە، ئەگەرچی زۆربەى ئەو شەکرە (فڕاکتۆز)ە و کاریگەرییەکى وا خراپی نییە، بەڵام بەشێکیشی (گلووکۆز)ە، کە ئەو شەکرەیە کە شەکرى خوێن بەرز دەکاتەوە و لەوانەى تووشی شەکرە دەبن زۆر بەرزە. شەکری گلووکۆزیش باشترین خۆراکە بۆ میکرۆب، هەر بۆیە بە ئاسانى ناتوانرێت کۆنتڕۆڵی هەوکردن بکرێت لەو کەسانەى شەکرەیان هەیە".

لە بەشێکت دیکەی ئەو بڵاوکراوەیەدا رێنمایی تووشبووانی کۆرۆنا دەکات "ئەگەرچی زۆربەى میوەکان و لەنێویاندا لیمۆ و پرتەقاڵ، ریژەى شەکریان زۆر بەرز نییە، یان بە گوزارشتى زانستى بیڵێین (Glycaemic index)یان بەرز نییە، بەڵام کاتێک بە خواردنى دانەیەک و دووان دەستیان لێ بەر نادرێت، ئەوە دیسان شەکرەکەیان یان بڵێن (Glycaemic load)یان بەرز دەبێت. وەک بڵێیت: ئەگەر پرتەقاڵێک بۆ نموونە کەوچکێک چا شەکرى تێدا بێت، کە زۆر نییە، بەڵام ئەگەر پێنج دانەى لێ بخورێت، پێنج کەوچک دەکات،کە زۆرە.  بۆیە وا پێویستە لە کاتى تووشبوون بە کۆرۆنا و نەخۆشییە گوازراوەکانى تر و تەنانەت رۆژانى ئاساییشدا، میوە بە رێژەیەکى کەم بخورێت، باشترین شتیش ئەوەیە بە سەر سێ ژەمەکەدا دابەش بکرێت، وەک ئەوەى بەیانییان سێوێک و نیوەڕۆیان مۆزێک و ئێوارانیش پرتەقاڵێک بخورێت. لەوە زیانى زیاتر دەبێت لە سوود. خواردنى بڕی زۆر لیمۆ و پرتەقاڵ لە کاتى تووشبوون بە کۆرۆنا، بەرگریی لەش لاواز و نەخۆشییەکەش بەهێز دەکات!".