باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا كاتی كشانه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كی هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانیان له‌ عێراق ئاشكرا ده‌كات

ماتیۆ توله‌ر: دەمێکە پەکەکەمان خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، ناوبەناو هێرش دەکاتە سەر پێشمەرگە و بووەتە هۆی ئەوەی تورکیاش سنوورەکان ببەزێنێت.. ئێستا په‌كه‌كه‌ و میلیشیا شیعه‌كان له‌ هه‌ماهه‌نگیدان
ماتیۆ توله‌ر، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق
ماتیۆ توله‌ر، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق

K24- هه‌ولێر:

لە دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک میدیای هەرێمی کوردستان، ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمةریکا لە عێراق باسی چەندین بابەتی گرنگ و  پەیوەست بە سیاسەتی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق كرد.

تولەر لە وەڵامی پرسیارێکی کوردستان24ـدا سەبارەت بە پرسی گەرم و کشانەوەی سەربازەکانی وڵاتەکەی لە عیراق رایگەیاند: 31ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ ئەمه‌ریکا هیچ هێزێکی شەڕکەری لە عێراق نامێنیت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیه‌نێت كه‌ ئێمە هیچ سەربازێکمان لێرە نابێت، بەڵکو راوێژکار و راهێنەرمان دەمێننەوە، راوێژ و راهێنان بە پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق دەدەن.

گوتیشی: لە رۆژانی داهاتوودا دەبینن کە هەندێك هێزمان لە عێراق دەچنە دەرەوە. داواکاری حکومەتی عێراقیش زۆر روونە بە ئاشکرا گوتوویەتی دەمانەوێت پەیوەندی ستراتیژیمان لەگەڵ ئەمه‌ریکا بمێنێتەوە، ئەم پەیوەندییە سەربازیش دەگرێتەوە.

باڵیۆزی ئەمه‌ریکا لە عێراق گوتی: ئامانج و بوونمان لەسەر بانگهێشتی فەرمی حکومەتی عێراقە و ئەرکمان لەناوبردنی داعشه‌، بەڵام رۆڵی خۆمان دەگۆرین بۆ راوێژکاری.

تولەر نه‌یشارده‌وه‌، كه‌ جیا لەداعش هەڕەشەی دیکەش لەسه‌ر هەرێمی کوردستان و عێراق هەن، وەك هەبوونی پەکەکە، کە ناوبەناو هێرشدەکاتە سەر پێشمەرگە و بووەتە هۆی ئەوەی تورکیاش سنوورەکان ببەزێنێت.

باڵیۆزی ئەمه‌ریکا لە عێراق ئاشکرای كرد: ئێمە دەمێکە پەکەکەمان خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، چونکە زیانی بە خەڵکی سڤیل گەیاندووە و بووەتە هەڕەشە. پەکەکە ئێستا لەگەڵ میلیشیا شیعەکان هەماهەنگی هەیە، لە هەندێك ناوچەش بۆ نموونە لە شنگال رێگری لە هەوڵەکانی حکومەت دەکات، رێگری لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەکات، کە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فێدرال واژۆ کراوە و ئێمە پێمانوایە رێککەوتنەکە باشترین چارەسەرە بۆ دۆخی شنگال.

تولەر جه‌ختی كرده‌وه‌: زۆر نیگەرانین لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە لە ناو خاکی عێراق. هێرشەکان زیاتر سەروەری عێراق لاواز دەکەن. جیا لە پەکەکە و داعش، بوونی چەندین جۆری میلیشیا لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق هەڕەشەیەکی دیکەن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

لەبارەی مەترسی دووبارەکردنەوەی سیناریۆی ئەفغانستان لە عێراق، باڵیۆزی ئەمه‌ریکا لە عێراق روونیکردەوە: جۆ بایدن لە گرنگی عێراق تیدەگات و هیچکات کشانەوەی یەکجاری لە ستراتیژیدا نیە. گوتیشی: نامانەوێت عێراق ببێتە شوێنێك لێیەوە هەڕەشە لە ناوچەکە و وڵاتانی دیکەش بکرێت.

سەبارەت بە دەنگۆی کشانەوەی سەربازەکانیان لە بنکەی سەربازی هەریر تولەر ئاشكرایكرد: ژمارەیەکی کەم سەربازمان لە بنکەی سەربازی هەریر هەیە و ئەرکیان پشتیوانی هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانه‌ لە دژی داعش، قسە کردن لەسەر گواستنەوە یان جێگۆرکێی پێیان، ئەرك و بەرپرسیارێتی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمه‌ریکایە.

تولەر لەبارەی دروستکردنی گەورەترین کونسوڵخانەی وڵاتەکەیان لە هەرێمی کوردستان گوتی: پێمانوایە هەبوونی حکومەتێکی بەهێز لە هەرێمی کوردستان و حکومەتێکی فێدراڵی بەهێز لە بەغدا نموویەکی سەرکەوتوو دەبێت بۆ ناوچەکە بەگشتی و لە بەرژوەندی هەرێم و بەغدایە.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، کورد هاوپەیمانی گرنگی ئێمەن و ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهێز بێت و لە ناوەندیش کار بکەین، بۆ ئەوەی رێگە بگرین لەو هێزانەی کە سەر بە میلیشیاکانن بێنە ناو پەرلەمان و حکومەت، بەدڵنیاییەوە ئەمەش لە بەرژەوەندی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵیش دەبێت.

تایبەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، باڵیۆزی ئەمه‌ریکا پێیوایه‌ هەڵبژاردنەکان بەرێوەدەچن و له‌وباره‌یه‌وه‌ گوتی: هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکرێن، ئامادەکاری کراوە و نەتەوەیەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپاش چاودێری خۆیان دەنێرن.

گوتیشی: هیوادارم هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەر پاك و بێ کێشە بن و متمانەی خەڵك بۆ پرسەی هەڵبژاردن و حکومەت بگەڕێتەوە و هاوکێشەی سیاسیش لە عێراق بگۆڕن و پارتەکانی سەر بە میلیشیاکان بچووك بکرێنەوە.

H.B